ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی داوایەكی خێرا لە حكومەتی هەرێم دەكات
  2020-12-03       615       

ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی رایگەیاند، دابین نەكردنی بژێوی زۆرینەی خەڵكی كوردستان تەنگی بە موچەخۆران هەڵچنیوەو داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات سیاسەتی ئابوری و دارایی خۆی، چ بەدانوستان لەگەڵ بەغداو چ بە داهاتی كوردستان، بەپێی خواستی خەڵك، بەشێوەیەك ساغ بكاتەوە، كە دڵنیایی تەواو بەڕای گشتی بدات.

ئاوێنە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی و ئامادەبونی تەواوی ئەندامەكانی، ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی كۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، ئەنجومەنی باڵا پێیوایە كوردستان بە دۆخێكی ئابوری و سیاسی دژواردا تێدەپەڕێت، دابین نەكردنی بژێوی زۆرینە بەتەواوەتی تەنگی بە موچەخۆرانی كوردستان هەڵچنیوەو شەقام بە داخوازی و ناڕەزایی و رەخنەو ئاراستەی جیاواز هاتونەتە خرۆش.

بۆیە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی داوای كردوە حكومەتی هەرێم بەخێرایی سیاسەتی ئابوری و دارایی خۆی، چ بەدانوستان لەگەڵ بەغداو چ بە داهاتی كوردستان، بەپێی خواستی خەڵك، بەشێوەیەك ساغ بكاتەوە، كە دڵنیایی تەواو بەڕای گشتی بدات.

ئەوەشی خستۆتەڕو"یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و كوردستانیش، لەبەردەم بەرپرسیارێتیەكی چارەنوسسازدایە، لە بەرامبەر داخوازی رەوای خەڵكدا، پێویستە بڕیارو بەرنامەكانی داكۆكیكردن بێت لە چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی ئابوری و موچەی خەڵك، ئەمەش پێویستی بە گوتاری یەكگرتوە، بەپێی پرۆژەیەكی چارەسەری راستەقینە، لەپێشەوەی چارەسەری دۆخی ئابوری و دارایی. چارەسەری دۆخی ئابوری و داراییش لەكوردستان، مەحاڵە بەبێ ریشەكێشكردنی دیاردەی گەندەڵی لە سەرانسەری كوردستان، چ لەناو حكومەت و چ لەناو حیزبەكان."

سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی وتویەتی"ئاماژە بەدەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا لە پەیڕەوی ناوخۆدا چەسپێنرا، لێرەدا پێویستە رایبگەیەنین كەوا تەنها ئەنجومەنی باڵای سیاسی، بەرپرسیارە لە لێپێچینەوەی ئەندامەكانی و بەس."

دەقی راگەیەندراوەكە..

راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی (ی.ن.ك)

سەرلەبەیانی 3/12/2020 بە سەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی و ئامەدەبونی تەواوی ئەندامەكانی، لەم دۆخەدا ئەنجومەنی باڵای سیاسی كۆبوەوە، ئەنجومەنی باڵا پێیوایە كوردستان بە دۆخێكی ئابوری و سیاسی دژواردا تێدەپەڕێت، دابین نەكردنی بژێوی زۆرینە بەتەواوەتی تەنگی بە موچەخۆرانی كوردستان هەڵچنیوە. شەقام بە داخوازی و ناڕەزایی و رەخنەو ئاراستەی جیاواز هاتونەتە خرۆش. بۆیە ئەنجومەنی باڵا لەهەر هەلومەرجێكی رابردو جیاوازتر، داوادەكات خێرا، حكومەتی كوردستان، سیاسەتی ئابوری و دارایی خۆی، چ بەدانوستان لەگەڵ بەغداو چ بە داهاتی كوردستان، بەپێی خواستی خەڵك، بەشێوەیەك ساغ بكاتەوە، كە دڵنیایی تەواو بەڕای گشتی بدات.

یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و كوردستانیش، لەبەردەم بەرپرسیارێتیەكی چارەنوسسازدایە، لە بەرامبەر داخوازی رەوای خەڵكدا، پێویستە بڕیارو بەرنامەكانی داكۆكیكردن بێت لە چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی ئابوری و موچەی خەڵك، ئەمەش پێویستی بە گوتاری یەكگرتوە، بەپێی پرۆژەیەكی چارەسەری راستەقینە، لەپێشەوەی چارەسەری دۆخی ئابوری و دارایی. چارەسەری دۆخی ئابوری و دارایش لەكوردستان، مەحاڵە بەبێ ریشەكێشكردنی دیاردەی گەندەڵی لە سەرانسەری كوردستان، چ لەناو حكومەت و چ لەناو حیزبەكان.

ئاماژە بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا، لە پەیڕەوی ناوخۆدا چەسپێنرا، لێرەدا پێویستە رایبگەیەنین كەوا تەنها ئەنجومەنی باڵای سیاسی، بەرپرسیارە لە لێپێچینەوەی ئەندامەكانی و بەس.

ئەنجومەنی باڵای سیاسی و
بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×