فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پێویستە لەبری
بەكارهێنانی توندوتیژی، هەوڵی وەڵامدانەوەی داواكاریی خەڵك بدرێت و جەختیشی
كردۆتەوە كە هیچ ناڕەزایەتییەك بە توندوتیژی كپ ناكرێتەوە.
ئاوێنە:
فراكسیۆنەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان،
رایگەیاند"بەداخەوە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی و بۆ ڕێگرتن لە
گردبونەوەو خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران، هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ
و تەقەکردن بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان، بونەتە هۆکاری توندوتیژیی و دروستکردنی
پشێوی و نائارامیی و دروستکردنی مەترسیی لەسەر ژیان و سەلامەتی خەڵک و خۆپیشاندەران
و بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک هاونیشتمانیی توشی تەنگەنەفەسیی بون، چەند پەرلەمانتارێک پەلاماردراوە
و ژمارەیەک مامۆستاو چالاکوانیش دەستگیرکراون."
ئەوەشی
خستۆتەڕو"ئەرکی هێزە ئەمنییەکان پاراستنی ژیان و سەلامەتی
ئەو خەڵکە برسیکراوەیە کە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە لەلایەن دەسەڵاتێکی گەندەڵەوە
نانبڕاو و برسی دەکرێن."
فراكسیۆنی
كۆمەڵ وتوشیەتی"خۆپیشاندان و دەبڕینی ناڕەزایەتیی مافی خەڵکە
و پێویستە گوێی بۆ بگیرێت و لەبری بەکارهێنانی توندوتیژیی، هەوڵی وەڵامدانەوەی
داواکاریی خەڵک بدرێت. هیچ ناڕەزایەتییەک بە توندوتیژیی کپ ناکرێتەوە بەڵکو ئەو ڕێگە
شکستخواردوە لەناوچەکەدا تاقیکراوەتەوە و ئەوەی زیانی لێکردوە دەسەڵات بوە."
دەقی راگەیەندراوەكە...
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
لە فراکسیۆنی "کۆمەڵ"ـەوە بۆ ڕایگشتی
دژی دواکەوتنی موچەکانیان و بەردەوامی ستەمی "لێبڕین" و بێسەروشوێن
بونی موچەی پێنج مانگ و نادیاری چارەنوسی دو موچەی دیکەی کۆتایی ئەمساڵ، فەرمانبەران
و موچەخۆران لە چەند شار و شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان ماوەی دو دۆژە دەستیانکردوە
بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی مەدەنیانەی دور لە توندوتیژیی .
بەداخەوە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی و بۆ ڕێگرتن لە گردبونەوەو خۆپیشاندانی مامۆستایان
و فەرمانبەران، هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان،
بونەتە هۆکاری توندوتیژیی و دروستکردنی پشێوی و نائارامیی و دروستکردنی مەترسیی لەسەر
ژیان و سەلامەتی خەڵک و خۆپیشاندەران و بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک هاونیشتمانیی توشی تەنگەنەفەسیی
بون، چەند پەرلەمانتارێک پەلاماردراوە و ژمارەیەک مامۆستاو چالاکوانیش دەستگیرکراون.
ئەرکی هێزە ئەمنییەکان پاراستنی ژیان و سەلامەتی ئەو خەڵکە
برسیکراوەیە کە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە لەلایەن دەسەڵاتێکی گەندەڵەوە نانبڕاو و
برسی دەکرێن .
دەبێت باش ئەو ڕاستییە بزانن کە داواکاریی مامۆستایان و
فەرمانبەران، داواکاریی ئەوانیشە، ئیتر چۆن جورئەت دەکەن و ڕێگە بەخۆتان دەدەن بۆ
پاراستنی بەرژەوەندی ناشەرعی دەسەڵات و بەردەوامیدان بە ستەمکاریی و گەندەڵیی، عەزیەت
و ئازاری کوڕ و کچ و برا و کەسوکاری خۆتان بدەن؟
ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان بۆ دەسەڵات و ڕایگشتیی خەڵکی
کوردستان بە ڕاشکاوی دەڵێین:
یەکەم: موچە مافی خەڵک و ئەرکی حکومەتە، بۆ هیچ دەسەڵاتێک نیە لەژێر هیچ
پاساوێکدا دەستی بۆ ببات و بە ویستی خۆی کەی ویستی دابەشی بکات و لێی ببڕێت .
دوەم: خۆپیشاندان و دەبڕینی ناڕەزایەتیی مافی خەڵکە و پێویستە
گوێی بۆ بگیرێت و لەبری بەکارهێنانی توندوتیژیی، هەوڵی وەڵامدانەوەی داواکاریی خەڵک
بدرێت. هیچ ناڕەزایەتییەک بە توندوتیژیی کپ ناکرێتەوە بەڵکو ئەو ڕێگە شکستخواردوە
لەناوچەکەدا تاقیکراوەتەوە و ئەوەی زیانی لێکردوە دەسەڵات بوە !
سێهەم: بەردەوامیی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی موچەی خەڵک، کەمی پارە و
داهات نیە، بەڵکو زۆری گەندەڵیی و بەردەوامیی قاچاخچێتی و تاڵانکردنی سامانی گشتییە .
داهاتێکی ئێجگار زۆرمان هەیە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە دەستێکی نائەمینە و بۆ ئەوە
ناشێت ئەمانەتی خەڵکی لە دەستدا بێت .
فراکسیۆنی کۆمەڵ
لە پەرلەمانی کوردستان
٣ ی کانەنی یەکەمی ٢٠٢٠
هەولێر