حزبی شیوعی پشتگیری لە خۆپیشاندانەكان دەكات
  2020-12-03       499       

حزبی شیوعی كوردستان رایگەیاند، خۆپیشاندان مافی رەوانی هاوڵاتیانەو پشتگیری لەو مافە دەكەن و داواش لە هێزە ئەمنییەكان دەكەن دوربكەونەوە لە بەكارهێنانی توندوتیژی و چونكە كێشەكان بە بەكارهێنانی هێزو زەبروزەنگ چارەسەر نابن.

ئاوێنە: کۆمیتەی پارێزگای سلێمانی حزبی شیوعی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"خۆپیشاندان مافی ڕەوای هەمو هاوڵاتیانەو پشتگیری لەمافی ڕەوای موچەخۆرو خانەنشینان و کرێکاران دەکەین."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بانگەوازمان بۆ دامو دەزگا ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە پارێزەری خۆپیشاندەران بن و دوربکەونەوە لەبەکارهێنانی توندوتیژی چونکە چارەسەری ململانێ و کێشەکانی نێوان خەڵک و حکومەت بە هێزو زەبروزەنگ چارەسەرناکرێت."

دەقی راگەیەندراوەكە...

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەمەدەنیەکان مافێکی ڕەوای خەڵکە

دەرئەنجامی بەردەوامبونی سیاسەتی ئابوری پیادەکراوی سەرمایەدارییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بوەتە هۆی قەیرانی ئابوری و پێنەدانی موچەو نەبونی هەلی کار بۆ کرێکاران و دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان، بەهەندوەرنەگرتنی ماف و داواکاری خەڵک بۆ ئازادی و ژیانێکی شایستە، ماوەی دو ڕۆژە خۆپیشاندانی مەدەنیانەی مامۆستایان و موچەخۆران و خەڵکی کرێکارو بەشمەینەت دەستی پێکردۆتەوە بۆ وەرگرتنی موچە لەکاتی خۆیداو بەتەواوەتی و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ بێکاران و فراوانکردنی مەوداکانی ئازادی گشتی، بەتایبەتی لەناو شاری سلێمانی خۆپیشاندان بەردەوامی هەیە، بەڵام بەداخەوە بەردەوام هەندێک لەهێزە ئەمنیەکان جگە لە ڕێگریکردن لەناڕەزایەتی خەڵکی، (گازی فرمێسکڕێژو لێدان و تەقەکردن)یان بەکارهێناو بەوهۆیەوە دەیان خۆپیشاندەرو هاوڵاتی و تەنانەت پۆلیسش بەرکەوتەی گازەکە بون و هاوکات ژمارەیەک لەخۆپیشاندەران دەستگیرکراون. دیارە ئەم کارانە پێچەوانەی بنەماکانی ئازادی و دیموکراسییەو بەپێویستی دەزانین ڕاشکاوانە ڕای خۆمان ڕابگەیەنین و ڕایگشتی لێ ئاگاداربکەینەوە :

1.خۆپیشاندان مافی ڕەوای هەمو هاوڵاتیانەو پشتگیری لەمافی ڕەوای موچەخۆرو خانەنشینان و کرێکاران دەکەین .

2.داواکارین دەستبەجێ هەرچی خۆپیشاندەرو مامۆستایەک دەستگیرکراون ئازادبکرێن .

3.بانگەوازمان بۆ دامو دەزگا ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە پارێزەری خۆپیشاندەران بن و دوربکەونەوە لەبەکارهێنانی توندوتیژی چونکە چارەسەری ململانێ و کێشەکانی نێوان خەڵک و حکومەت بە هێزو زەبروزەنگ چارەسەرناکرێت. خەڵکی چەندین ساڵە چاوەڕوانی جیبەجێکردنی مافەکانیەتی نەک زیندان و بێکاری و بێ موچەیی.

سەرکەوتو بەردەوام بێت خەباتی مەدەنیانەی
خەڵکی کوردستان لەپێناو ماف و ئازدایەگشتیەکان.

کۆمیتەی پارێزگای سلێمانی
حزبی شیوعی کوردستان
۳-۱۲-۲۰۲۰

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×