رێكخەرێكی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی: تا ئێستا 20 كەس لە دەستگیركراوان ئازادنەكراون
  2020-12-04       493       

هێزێکی زۆری ئەمنی لەناو بازاڕی شاری سلێمانی بڵاوەی پێکراوە بۆ ڕێگریی کردن لە خۆپیشاندان، ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانیش دەڵێن: هەتا ئێستا ٢٠ کەس لە دەستگیرکراوانی دوێنێ ئازاد نەکراون، ئەمڕۆ ئازادیان نەکەن دەست بە خۆپیشاندان دەکەینەوە، ئازادیشیان بکەن، میکانیزمی نوێ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دەگرینەبەر.

ئاوێنە: بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ماوەی دو ڕۆژە لەشاری سلێمانی خۆپیشاندان دژی دواکەوتنی موچە و خراپی دۆخی ئابوری دەستی پێکردوە، دوێنێ گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا ڕویدا و نزیکەی ٥٠ کەس لە خۆپیشاندەران دەستگیرکران.

لە ڕۆژی یەکەمی خۆپیشاندانەکەوە، ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، کە ڕۆژانە بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان هەتا مافەکانی خەڵک وەردەگرن، ئەمڕۆش بۆ ڕێگری کردن لە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان، هێزێکی زۆری  ئەمنی لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی شاری سلێمانی بڵاوەی پێکراوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ گردبونەوە و خۆپیشاندانێک ئەنجام نەدراوە.

عوسمان گوڵپی، یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان، لەبارەی چارەنوسی دەستگیرکراوەکان و بەرنامەیان بۆ بەردەوامی خۆپیشاندان بە ڕۆژنیوزی وت: هەتا ئێستا نزیکەی ٢٠ لە مامۆستایانی ناڕازی ئازاد نەکراون، چاوەڕوانین ئەمڕۆ ئازاد بکرێن، ئەگەر ئەمڕۆ ئازاد نەکرێن، ئەوا توڕەیی خەڵک زیاتر دەبێت و ناڕەزایەتی زیاتری لێدەکەوێتەوە، ئەگەر ئازادیش بکرێن ئەوا پلانێکی دیکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان دادەڕێژین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×