شاندی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ وەزیری دارایی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌
  2020-12-04       365       
له‌میانه‌ی‌ سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ به‌غدا،  بڕیاره‌ شاندێکی تەکنیکی حكومه‌ی‌ هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ وەزیری دارایی عێراق كۆده‌ببنه‌وه‌.

ئاوێنه‌: شاندێکی تەکنیکی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێم‌و ئەندامێتی خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغداو عه‌بدولحه‌كیم خه‌سره‌و، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی‌و به‌دواداچون  لەبەغدان‌و ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبنەوە.

کۆبونەوەکانی شاندەکە دەربارەی تەواوکردنی رێککەوتنەكە لەسەر بودجەی ساڵی 2021ی عێراق و جێگیرکردنی پشکی کوردە لەپرۆژە یاساکەدا کە بڕیارە بەمزووانە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەست بەکۆبونەوەکانی بکات لەسەر پرۆژەیاساکە.

بڕیاریشە شانده‌كه‌ی‌ هه‌رێم لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق دەربارەی ناردنی 320 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و جارێکی دیکە داوای ئەو بەشە بودجەیەی هەرێمی کوردستان بکەن.

بڕیاریشه‌ شاندێکی دیکەی باڵای هەرێمی کوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سه‌ردانی‌ به‌غدا بكات به‌مه‌به‌ستی‌ رێککەوتنێکی گشتگیرو یەکجاریی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا کە پێشتریش چەند جارێک ئەم شاندە چونەتە بەغداو کۆبونەوەیان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×