2020-12-04   779     
شیرین ئەمین
شیرین ئەمین رایدهگهیهنێت، گروپێک لەپەرلەمانتاران بڕیاریانداوە بچنە سهر شەقامو بەشداری لەناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا بكهن دژ بەپێنەدانی موچەکانیان. ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات كه بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتو وەکو 37 پەرلەمانتارە ناڕازیەکە کۆببنەوەو بڕیاربدەن تا لەهەولێریش بجوڵێن.
ئاوێنه: شیرین ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە لەخۆپیشاندانەکەی دوێنێی پێنجشەمەی پارێزگای سلێمانیدا بەگازی فرمێسکڕێژ هێرشیکرایە سەرو بریندارکرا، ئاماژە بەوەدەکات گروپێک لەپەرلەمانتاران، بڕیاریانداوە بچنە نێو شەقام و بەشداری لەناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا بكهن دژ بەپێنەدانی موچەکانیان.
شیرین ئەمین بهدەنگی ئەمریکای راگهیاندووه، "گروپێکمان لە 37 پەرلەمانتار ڕاگەیاندووە، ئەم گروپە نەیهێشت کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بەردەوام بێت، چونکە کۆبونەوەکان دوربون لەداواو خواستەکانی خەڵک، بەتایبەت لەم دۆخەدا کە هەرێم گرفتاری قەیرانی داراییەو موچە نادرێت."
ناوبراو دهڵێت، وەکو ئەو 37 پەرلەمانتارە، بڕیاریانداوە بەردەوام بن لەفشارەکانیان بۆ سەر سەرۆکایەتی پەرلەمانو حکومەت، بەشداری لەهەر خۆپیشاندانو ناڕەزایەتیەکیشدا دەکەن، لەهەر ناوچەیەکی کوردستان ئەنجامبدرێت.
ئهوهشی وتووه، "بۆیە وەکو چەند پەرلەمانتارێک بەشداری خۆپیشاندانەکەی سلێمانیمان کردووە، بەڵام کاتێک ڕۆیشتین، کوچە و کۆڵانەکان بە هێز تەنراون، ئێمەش ویستمان دەستپێشخەری بکەین، تاهێزە ئەمنیەکان ڕێگە بەخەڵک بدەن، داوای مافی خۆی بکات، بەڵام ئەوان ڕوبەڕومان بونەتەوەو هێرشیانکردە سەرمان."
بەپێی وتەی شیرین ئەمینی پەرلەمانتار، لەلایەن خۆپیشاندەرانی سلێمانیەوە، توندوتیژی بەرامبەر هێزە ئەمنیەکان نەنوێنراوە، سەرای سلێمانیش کە خۆپیشاندەران هەوڵیانداوە لێی کۆببنەوە، هیچ بارەگایەکی حیزبی و حکومی لەنزیکی نیە، لهو روهوه دهڵێت، "هێزە ئەمنیەکان دەستپێشخەریان کردو گازی فرمێسک ڕێژیان بەڕووی خۆپیشاندەراندا ڕژاند، کە برینداربوونی ئێمە و چەندین خۆپیشاندەری تری لێکەوتەوە، دواجار نەمانتوانی لە ئامانجەکەمان بەردەوام بین، بەداخەوە هێزە ئەمنیەکانی هەردوو زۆنەکە، بەڕێنمایی حیزب دەجوڵێنەوە."
سەبارەت بەهۆکاری بەشداری نەکردنی هەر سی و حەوت پەرلەمانتارەکە لە خۆپیشاندانەکەدا، شیرین ئەمین ئاماژەی بەوەکرد دەبێت هەر پەرلەمانتارێک، گەر لەناوچەکەی خۆی خۆپیشاندان کرا، ئامادەیی هەبێت، تا پشتگیری شەقام بین.
لەکۆتایی قسەکانیدا شیرین ئەمین ڕونیکردۆتهوە كه بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتو، وەکو 37 پەرلەمانتارە ناڕازییەکە کۆببنەوە، بڕیاربدەن تا لەهەولێریش بجوڵێن، یاخود لەهەر کوچەو کۆڵانێکی کوردستان خۆپیشاندان کرا، پشتگیرو پشتیوان بن و لەگەڵیان بن.