حكومەتی هەرێم لێدوانی بەرپرسێكی ئیسرائیلی رەتدەكاتەوە
  2020-12-05       447       

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە ئیسرائیل هیچ بەرژەوەندییەکی لە هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەوەش دوای ئەوەی وتەبێژی رەسمی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتبوی، مەترسی ئەوە هەیە ئێران، بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل لە وڵاتە نزیكەكانی بكاتە ئامانج لەوانە لە كوردستانی عێراق.

ئاوێنە: رۆژی 3ی ئەم مانگە، ئاوێنە: ئۆفیر گیندەڵمان، وتەبێژی رەسمی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، لە تویتێكدا رایگەیاندبو"لەژێر رۆشنایی هەڕەشەكانی ئەم دواییەی ئێران و تێوەگلانی لایەنە ئێرانییەكان لە جێبەجێكردنی چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی لە چەند وڵاتێكی جیاجیا، دەستەی دژەتیرۆر(ی ئیسرائیل) هۆشداری دەدات لەوەی كە ئێران بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل لە چەند وڵاتێكی نزیكی، لەوانە جۆرجیا، ئازەربایجان، توركیا، ئیمارات، بەحرەین و كوردستانی عێراق و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا بكاتە ئامانج."

بەڵام ئەمڕۆ شەممە، جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا رەتیكردۆتەوە كە ئیسرائیل هیچ بەرژەوەندییەكی لە هەرێمی كوردستان هەبێت و وتویەتی"ئیسرائیل هیچ بەرژەوەندیەکی لە هەرێمی کوردستان نییەو هیچ هاوڵاتییەکی ئیسرائیلیش لە هەرێمی کوردستان نین."

جەختیشی كردۆتەوە"ئەم لێداونە بە هەر مەرامێک درا بێت رەتدەکەینەوەو لە ڕاستییەوە دورە."

دەقی رونكردنەوەكە..

ڕونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

لەم ڕۆژانەدا ئۆفیر گێندلمان گوتەبێژی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ کاروباری میدیای عەرەبی، لە تویتێکدا باسی لەوە کردبو کە ئەگەری ئەوە هەیە کۆماری ئیسلامی ئێران هێرش بکاتە سەر هاوڵاتیانی ئیسرائیلی لە چەند وڵاتێکی وەک ( جۆرجیا ، ئازەربایجان ، تورکیا ، ئيمارات ، بەحرەین و هەرێمی کوردستان) . بۆ ئاگاداری هەمو لایەک و وەک چەندین جاری تریش ڕامانگەیاندوە ئیسرائیل هیچ بەرژەوەندیەکی لە هەرێمی کوردستان نییە و هیچ هاوڵاتییەکی ئیسرائیلیش لە هەرێمی کوردستان نین. بۆیە ئەم لێداونە بە هەر مەرامێک درا بێت رەت دەکەینەوە و لە ڕاستییەوە دورە.

د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/12/5

 

تویتەكەی وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل..

على ضوء التهديدات الإيرانية الأخيرة وتورط جهات إيرانية في تنفيذ عمليات إرهابية في دول مختلفة تحذر هيئة مكافحة الإرهاب من قيام إيران باستهداف مصالح إسرائيلية في دول قريبة من إيران مثل كل من جورجيا وأذربيجان وتركيا والإمارات والبحرين وكردستان العراق ودول في الشرق الأوسط وإفريقيا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×