مەلا بەختیار سەبارەت بەڕەتكردنەوەی سزادانی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای سیاسی رونكردنەوە دەدات
  2020-12-05       2074       

نووسینگەی راگەیاندنی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی رایدەگەیەنێت، هەتا ئەو كاتەی لەلایەن ئەنجومەنەوە سڕكردنی مەلا بەختیار بە بڕیار رەتكراوەتەوە، نەچۆتە كۆبوونەوەكەوە و  تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنیش هاوڕان بوون لەسەر رەتكردنەوەی سڕكردنی.


ئاوێنه‌: نووسینگەی راگەیاندنی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، كاتێك كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵاو و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی بەڕێوەچوو، لەسەرەتای كۆبوونەكەدا و هەتا ئەوكاتەی سڕكردنی مەلا بەختیار بە بڕیار رەتكراوەتەوە، مەلا بەختیار نەچۆتە كۆبوونەوەكە.


هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، تەواوی ئەندامانی ئەنجومەن، لەگەڵ سەرجەم بڕیارەكان بوون، بەتایبەتی دەربارەی رەتكردنەوەی سڕكردنی مەلا بەختیار.


ئەو هەڵوێستەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی لەكاتێكدابوو هەفتەی رابردوو سەركردایەتی یەكێتی كۆبووە و بڕیاریدا بە سزادانی هەریەك لە مەلا بەختیار بەسڕكردنی بۆ ماوەی سێ مانگ، رێواز فایەق و قوباد تاڵەبانی، ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی كە رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمە بە (ئاگاداركردنەوە).


سزادانەكەی مەلا بەختیار دوای بڵاوكردنەوەی كتێبەكەی بوو بەناوی (لە بری بیرەوەری) كە تیایدا چەند گێڕانەوەیەكی لەسەر نەوشیروان مستەفا، رێكخەری كۆچكردووی گۆڕان كردبوو ئەوەش بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕانی نیگەران كرد و هەڵمەتێكی میدیاییان لەدژی دەستپێكرد.


هەفتەی رابردووش مەلا بەختیار، لەكۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك هونەرمەندی شێوەكار رایگەیاندبوو، بۆ هەڵوێستی سەبارەت بەسزادانەكەی، چاوەڕێی هەڵوێستی ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەكات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×