كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ دواخرا
  2020-12-05       445       

كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق تایبه‌ت به‌ په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی ساڵی 2021 دواخرا، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش گۆڕانكاری له‌ ره‌شنوسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا ده‌كرێت.

ئاوێنه‌: ‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق رایگه‌یاند، كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌ بڕیاربو له‌ باره‌ی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی ساڵی 2021 ئه‌نجام بدرێت، بۆ كاتێكی دیكه‌ دواخراوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌ كاتێكی دیاریكراو بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ بكات.

دواخستنی كۆبونه‌وه‌كه‌ی بۆ دو هۆكار گه‌ڕانده‌وه‌، یه‌كه‌میان بۆ هه‌مواركردنی به‌شێك له‌ بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌ و هۆكاری دوه‌میش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ تا ئێستا رێكه‌وتن له‌باره‌ی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق و خه‌رجكردنی شایسته‌ داراییه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌كراوه‌.

رونیشیكراوه‌ته‌وه‌، هه‌مواری پڕۆژه‌كه خۆی له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی كورتهێنانی بودجه‌ و گۆڕینی خه‌مڵاندنی نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌ 41 دۆلاره‌وه‌ بۆ 48 دۆلاردا ده‌بینێته‌وه‌.

پێشتر حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاندبو، كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ ئه‌نجام ده‌دات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×