بەبیانوی گەڕان بەدوای بکوژانی فەخریزادە ماڵی هاوڵاتیانی کورد لە بانە دەپشکنرێت
  2020-12-13       634       
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی هەفتەی رابردودا ماڵی سەدان کەس لە هاوڵاتیانی کوردیان لە شاری بانە به بیانوی گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی دەستیان لە کوشتنی موحسین فەخریزادە، زانا ئەتۆمییەکە ئەو وڵاتە دەستیان هەبوە، پشکنیوە.

ئاوێنە: رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکان هێشتا لە هەندێک شوێنی بانە جێگرکراون و تیمێکی تایبەت لە ئیدارەی ئیتلاعاتی تاران هاتوەتە ئەو شارە و ئەرکی پشکنینی ماڵی هاوڵاتیانی کوردی لە ئەستۆ گرووە.

هەنگاو پێشتر رایگەیاندبو، لانیکەم 20 هاوڵاتی لە بانە دەستبەسەرکراون، کە تا ئێستا ناسنامەی 9 کەسیان بە ناوەکانی سەرحەد ساڵحی، باقی مەحمودی، کازم خدری، ڕەحمان شادان، ساڵح روستەمی، حوسێن خومی، ئیبراهیم (شۆڕش) شوریایی، زانکۆ ڕەحمەتی و ڕێبوار سوری ئاشکرا بوە، کە هەندێکیان دوای یەک ڕۆژ و دوای ئەوەی بە نوسراوە بەڵێنییان لێ وەرگیراوە، ئازادکراون.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندوە، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی هاوڵاتیانی کورد وێنەی پێنج کەسیان نیشان داوە و لێیانیان پرسیوە کە ئەوانە دەناسن یان نا؟، یەکێک لەو کەسانەی کە بە شوێنیدا دەگەڕێن کەسێکی بەساڵاچو و کەم ئەندامە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەکان چەندین کۆڵبەر و کاسبکاری سەر سنوریان بانگ کردوە و هەڕەشەیان لێیان کردون کە ئەگەر خاوەنی ئەو وێنانە لەو سنورەوە بچنە دەرەوە ئەوا بەڕەوڕوی لێپرسینەوە دەبنەوە و تەنانەت بە هەندێکیشیان وتوە ئەگەر ئەو کەسانەمان پێ بناسێننن خەڵات دەکرێن".

27ی مانگی رابردو، موحسین فەخریزادە مهابادی، یەکێک لە کەسایەتییە باڵاکانی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، لە ناوچەی ئابسەردی دەماوەند لە نزیک شاری تاران تیرۆر کرا و بەرپرسانی ئێران، ئیسرائیلیان وەک بکەری ئەو تیرۆرە تۆمەتبار کردوە
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×