رایتس ۆوچ ستایشی هەنگاوێكی عێراق لەبارەی ئەو منداڵانەوە دەكا كە لەسەر داعش دەستگیركراون
  2020-12-13       294       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، لیژنەی دادوەرانی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی كەیسی ئەو منداڵانەی كە بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە لە عێراق دەستگیركراون لەماوەی نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا، بەراورد بە دادگاكانی دیكەی عێراق، باشتر پەیڕەوی لە ستانداردە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ كردوە.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە كە تۆمارەكانی لیژنەكە دەریدەخەن لەماوەی مانگی كانونی دوەمی 2020 تاوەكو حوزەیرانی 2020، لیژنەكە پێداچونەوەیەكی قوڵی بۆ كەیسە تاكەكەسییەكان كردوەو فەرمانی ئازادكردنی 75 منداڵی تۆمەتباری داوە لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە نەبونی بەڵگەی تەواو و هەروەها بەگوێرەی حوكمەكانی یاسای لێبوردنی عێراقی.

رایتس ۆوچ لەگەڵ ئەوەی ستایشی ئەو هەنگاوەی كردوە رایگەیاندوە كە خوازیارن، ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئەو نمونەیە لە سەرجەم دادگاگانی وڵاتدا بەكاربهێنێت.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە ماوەی چەند ساڵێكە هەردو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، سەدان منداڵیان تۆمەتباركردون بە پەیوەندییان لەگەڵ داعش و بەزۆریش دادگاكان پشتیان بە تۆمەتی هەڵبەستراو و دانپێدانان لەژێر ئەشكەنجەدا بەستوە كە ئەوەش پێشێلی ستانداردە نێودەوڵەتییەكانە كە جەخت دەكەنەوە لەوەی پێویستە ئەو منداڵانەی لەلایەن میلیشیاكانەوە چەكداردەكرێن لە پێشدا وەك قوربانی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت نەك وەك تاوانبار.

هەروەها هیومان رایتس ۆوچ داوای لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم كردوە كە یاساكانی روبەڕوبونەوەی تیرۆر هەمواربكەن بۆ كۆتاییهێنان بە دەستگیركردن و دادگاییكردنی منداڵان تەنها لەبەرئەوەی بەشداربون لە مەشقەكانی داعشدا، لەكاتێكدا كە یاسای نێودەوڵەتی قەدەغەی چەكداركردنی منداڵانی قەدەغە كردوە. هەروەها داواشی كردوە تا هەمواركردنەوەی یاساكان، سەرجەم ئەو منداڵانەی دەستگیركراون و هیچ تاوانێكی دیكەیان ئەنجام نەداوە ئازادبكرێن.

هەروەها وتوشیەتی"عێراق هەنگاوێكی بچوكی ناوە بەرەو پاراستنی مافەكانی منداڵان لەبری پێشێلكردنیان، بەڵام ئەم بەرەوپێشچونەش لەژێر هەڕەشەدایە، ئەگەر لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە نەگشتێنرێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×