دارایی پەرلەمانی عێراق هەوڵی دۆزینەوەی میكانیزمێك دەدات بۆ جێبەجێكردنی یاسای قەرز
  2020-12-16       594       

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەكەیان بڕیاریداوە هەوڵەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم بخەنەگەڕ بەمەبەستی چاودێری و فشار بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی میكانیزمی جێبەجێكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كە ئێستا لەنێوان هەردو حكومەتدا بۆتە گرفت.

ئاوێنە: هۆشیار عەبدوڵا، لە راگەیەندراوێكدا، وتی"ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبونەوەی لیژنەیی داراییدا، دەنگماندا لەسەر ئەوەی کە سەرۆکایەتیی لیژنەکەو لەگەڵ یەک دو ئەندامی تر دەستکراوەبن و توانای ئەوەیان هەبێ بەناوی لیژنەی داراییەوە هەوڵەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێم بخەنەگەڕ بەمەبەستی چاودێریکردن و فشار بە ئاراستەی دۆزینەوەی ئالیەتیی جێبەجێکردنیی یاسای پرکردنەوەی کورتهێنانی دارایی کە ئێستا لە نێوان هەردو حکومەتدا بۆتە گرفت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"وەفدی هەرێم ئامادەیی پابەندبونی تەواویان دەربریوە ئەمە کارێکی باشە، ئایا تا چەند راستگۆن لەوەی پابەند دەبن؟! دەبێ بە کردار کازمیی تاقیان بکاتەوە بەداخەوە لاوازی کازمیی لەبەردەم کوتلەکان وایکردوە نەتوانێ بریار بدا، ئێمە وەک لیژنەی دارایی دەمانەوێ لەو بەشەدا هاوکارو رێنیشاندەر بین بۆ دۆزینەوەی ئالیەتی پابەند بون بەیاساکە."

ئەو پەرلەمانتارە كوردەی لیژنەی دارایی هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "ئێمە وەک پلانی خێرا و نزیک لە پێناوی موچەخۆرانی هەرێم هەمو هەوڵێکمان ئەوەیە کە رێکەوتن بکرێ و چیتر فەرمانبەر و موچەخۆران باجی شکست و لاوازی هەردو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ نەدەن، بێگومان پلانیی ستراتیژیشمان ئەوەیە موچەخۆرانیی هەرێم  لە کێشەکانیی نێوان هەردو حکومەت بێلایەن بکەین و لەیاسای موازەنەدا هەمو هەوڵێک بۆ ئەو ئامانجە دەخەینە گەڕ."

بەپێی قسەی هۆشیار عەبدوڵا "دۆخیی ئێستای بەغدا بۆتە دۆخێکی تەواو سیاسیی، حکومەتەکەی کازمی لاوازە، هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەستی پێکردوە، بەشێک لە کوتلە شیعیەکان شکستی خۆیان بە پرسی هەرێم پەردەپۆش دەکەن، لە پەیوەست بە هەرێم و حکومەتەکەشیەوە راستیەکان زۆر تاڵن، هەمو ئەوەی هاوارمان بۆکرد و گوێمان لێنەگیرا و  لەسەری پەلامار دراین هاتۆتە دی، بەڵام بۆ ئێمە  ئێستا وەختی باسکردنی زۆر شت نییە، کاری لەپێشینە و تەرکیزمان لەسەر ئەوەیە هاوکارو پشتیوان بین بۆ ئەوەی رێکەوتنێک بکرێ کە لەبەرژەوەندی خەڵکی هەرێمدا بێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×