ئەمریکا سزای بەسەر پێنج کۆمپانیا سەپاند کە ھاوکاری ئێرانیان کردوە
  2020-12-17       466       
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سزای بەسەر پێنج کۆمپانیای پیترۆکیماییدا سەپاند کە هاوکاری ئێرانیان کردووە بۆ ئەوەی کەرەستەکانی بە بازاڕەکانی جیهان بفرۆشێت.

ئاوێنە: مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگه‌یاند: سزا بەسەر کۆمپانیای گواستنەوەی گاز و کیمیاییەکانی ڤێتنام دەسەپێنن کە 5ی تشرینی دووه‌می 2018، بەرهەمی کۆمپانیا پیترۆکیماییەکانی ئێرانیان گواستووەتەوە دەرەوەی وڵاتەکە. سزاکان ڤۆ فونگ، سەرۆکی کۆمپانیاکەش دەگرنەوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش سزای بەسەر چوار کۆمپانیای دیکەدا سەپاندووە کە بەرهەمە کیمیاییەکانی کۆمپانیای Triliance Petrochemical Companyیان گواستووەتەوە، لەناویاندا کۆمپانیای چینی و ئیماراتی هەن.

کۆمپانیای تڕیلیانس پیترۆکیمیکال سەرەتای ئەمساڵیش لەلایەن ئەمریکاوەوە سزای قورسی بەسەردا سەپێندرا.

ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لە سەرووبەندی جێهێشتنی کۆشکی سپییە بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراو.

شیکارانی سیاسی دەڵێن وایلهێاتووە ئەگەر هەموو رۆژێکیش نەبێت، ترەمپ رۆژێک نا رۆژێک سزا بەسەر ئێران یاخود ئەو کۆمپانیا و لایەنانە بسەپێنێت کە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن بۆ ئەوەی دانوستاندن لەگەڵ تاران لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئاڵۆزتر بێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت دووپاتی دەکەنەوە کە تەنیا بە گۆڕینی هەڵسوکەوتەکانی، ئێران دەتوانێت سزاکانی سەری نەهێڵێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×