وەزارەتی دارایی عێراق هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دزەپێكردنی رەشنوسی بودجە دەربڕی
  2020-12-17       543       

وەزارەتی دارایی عێراق نیگەرانی قوڵی خۆی سەبارەت بە دزەپێكردنی رەشنوسی بودجەی 2021 و بڵاوكردنەوەی لە راگەیاندنەكاندا دەربڕی و دەڵێت: پێش ئەوەیە كە وەزیرەكان قسەی لەسەر بكەن لە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی تایبەت بە گفتوگۆكردن لەسەر بودجە كە بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتو بەڕێوەبچێت.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، ئامادەكردنی بودجە پڕۆسەیەكی تەكنیكی ئاڵۆزەو چەندین وەزارەت و دامەزراوەی حكومی و ئاژانسی نێودەوڵەتی پەیوەندیدار بە بودجە، بەدرێژایی كاتێكی زۆر بەشدار دەبن تێیدا و ناكرێت بەبێ ئاماژەدان بەو داتا و سیاسەت و ستراتیژانەی كە لە ئامادەكردنیدا پشتیان پێ بەستراوە، بەتەواوەتی لێی تێبگەین لەوانەش وەرەقە چاكسازییەكەی حكومەت كە بە وەرەقەی سپی ناسراوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، بڵاوكردنەوەی لە دەزگاكانی راگەیاندن بەر لەوادەی خۆی، "زۆر كارێكی نابەرپرسانەیە"و بەر لەوەیە كە وەزیرەكان بەشێوەیەكی بێلایەنانە قسەی لەسەر بكەن و هەموار بكرێت لە دانیشتنی تایبەت بە تاوتوێكردنی بودجەدا كە بڕیارە رۆژی شەممە بەڕێوەبچێت. بۆیە داوا لە هەمو لایەك دەكەین گوێ نەدەنە ئەو لێدوانە سەرنجڕاكێشانەی كە لەبارەی بودجەكەوە دەدرێن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەنجومەنی وەزیران بەوردی گفتوگۆ لەسەر بودجەكە دەكات و ئەوە شوێنی گونجاوە بۆ پێشكەشكردنی راسپاردەكان لەبارەی بودجەوەو دوای پەسەندكردنیشی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت و ئەوەش رێگەو چوارچێوەی دروستی گفتوگۆكردن لەسەر بودجە نەك تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×