بانكی ناوەندی عێراق سەرەتای هەفتەی داهاتو نرخی 100 دۆلار دەكات بە 145 هەزار دینار
  2020-12-18       1291       

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوەوە، بانكی ناوەندی نرخی خستنەبازاڕی 100 دۆلار دەكات بە 145 هەزار دیناری عێراقی.

ئاوێنە: عەبدولمەهدی سەعداوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، بانكی ناوەندی عێراق لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوەوە نرخی خستنەبازاڕی یەك دۆلار دەكات بە 1450 دیناری عێراقی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، رەشنوشی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 دزەی پێكراو لە میدیا عێراقییەكان بڵاوكرایەوە كە تێیدا نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە 145 هەزار دیناری عێراقی دیاریكراوە.

عەبدولمەهدی سەعداوی وتویەتی: ئەوە هانی بازرگانەكان دەدات دەستوەربدەنە نرخی گۆڕینەوەی دۆلار.

وەزارەتی دارایی عێراق دزەپێكردن و بڵاوكردنەوەی رەشنوسی بودجەكەی بە كارێكی زۆر نابەرپرسانە ناوبردبو بەو پاساوەی هێشتا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەندنەكراوە.

هەر ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبونەوە، بەپێی قسەی هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی، لە كۆبونەوەكەدا پارێزگاری بانكی ناوەندی پێی راگەیاندبون كە لەسەرەتای هەفتەی داهاتو لە یەکشەممەوە بانکی مەرکەزی عێراقی بە نرخێکی نوێی دینار بەرامبەر دۆلار مامەڵە دەکا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×