عێراق؛ 20 توشبوی دیكەی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا كە شەشیان لە سلێمانی بون
  2020-12-18       402       

وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، یەك هەزارو 362 كەسی دیكە توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون و 20 توشبوش گیانیان لەدەستداوە كە شەشیان لە پارێزگای سلێمانی بون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، كەمێك لەمەوبەر، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 34 هەزار و 670 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان یەك هەزارو 362 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە زیاتر بوە لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە یەك هەزارو 770 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لەو ماوەیەدا 20 توشبوی دیكەش گیانیان لەدەستداوە كە گیانلەدەستدانی شەش توشبویان لە پارێزگای سلێمانی تۆماركراوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 581 هەزار و 811 كەس و لەوانە 12 هەزارو 670 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 517 هەزارو 91 كەسیان چاكبونەتەوەو 52 هەزارو 50 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 198 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×