وەزیری دارایی عێراق: به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ نرخی دۆلار چارەسەری کورتهێنانی بودجە ده‌كات
  2020-12-18       1130       
عەلی عەلاوی
وەزیری دارایی عێراق هۆکاری بەرزبونەوەی نرخی دۆلار ئاشکرا ده‌كات‌و ده‌ڵێت، دیاریکردنی‌ نرخی دۆلار چارەسەری قەیرانی دارایی‌و کورتهێنانی بودجه‌ ده‌كات.

ئاوێنه‌: عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باس له‌هۆكاره‌كانی‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ به‌های‌ دۆلار ده‌كات‌و رایگەیاندووە، لەبودجەی ساڵی داهاتوی عێراقدا نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ١٤٥ هەزار دیناری عێراقی دیاریکراوە، ئەوەش لەپێناو گەڕانەوەی هاوسەنگی ئابورییە بۆ وڵات و هاوکات، ئەو نرخە "کاریگەرییەکی باش"ی دەبێت لەچارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجەدا.

راشیگه‌یاندووه‌، "نرخی پێشووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بە هەزار و ١٢٨ دینار بۆ یەک دۆلار دیاریکرابوو، کە ئەو نرخە رەنگدانەوەی ئابوریی عێراق نەبووە و کاریگەری نەرێنی هەبووە بۆسەر ئابوریی وڵات کە بووەتە هۆی هاوردەکردنی  کاڵا و شمەکی بیانی بۆ ناو خاکی عێراق، کە بووەتە هۆی دروستبوونی کێبڕکێ لەگەڵ کاڵا و بەروبوومە خۆماڵییەکاندا."

عەلی عەلاوی ئه‌وه‌شی‌ وتووه‌، "بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار باشترین چارەسەرە لەم دۆخەدا، کە پێشتر بەشێکی زۆری کەرتی وەبەرهێنانی نانەوتی بەوهۆیەوە روویان نەکردووەتە عێراق و لەئێستاشدا نرخی کۆنترۆڵکراوی دۆلار لەلایەن حکومەتەوە بەرامبەر بە دینار لە داهاتوودا رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×