سەدر داوا لە حكومەت دەكات باری نائاسایی لە بەغدا رابگەیەنێت
  2020-12-20       558       

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر سەبارەت بە هێرشە موشەكییەكانی ئەمشەو بۆ سەر ناوچەی سەوز رایگەیاند، هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت چەك بەكاربهێنێت و داواش لە حكومەت دەكات باری نائاسایی لە بەغدا رابگەیەنێت و تەنها پشت بە سوپاش ببەستێت بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەكان.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر، ئەمشەو یەكشەممە، لە تویتێكدا رایگەیاند، مافی هیچ كەسێك نییە لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت چەك دابنێت. دەبێت حكومەت باری نائاسایی لە بەغدا رابگەیەنێت و تەنها پشت بە سوپاش ببەستێت بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەكان و من ئامادەیی تەواوم هەیە بۆ هاوكاری ئەمنی لەوبارەیەوە.

هەروەك بەپێویستیشی زانیوە پەرلەمانی عێراق دانوستان لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمریكا بكات لەپێناو دانانی سنورێك بۆ "داگیركارییەكانی و كۆنترۆڵكردن و دەستوەردانی لە كاروباری عێراق."

هەروەها وتوشیەتی"من هەر كەسێك كە چەك لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و بڕیاری كۆدەنگیانە بەكاردەهێنێت بە تیرۆریست یاخود دەرچو لە شەرعیەت و یاسا دەزانم."

رابەری رەوتی سەدر وتوشیەتی"ئامۆژگاری باڵیۆزخانەی ئەمریكا ئەكەم وەڵامی سەربازی و ئەمنی نەبێت و واز لە جڵەوی دۆخەكە بهێنێت بۆ دەوڵەتی عێراقی كە ئەو خاوەنی سەروەرییە نەك ئێوە(ی ئەمریكی)."

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، ئەمشەو یەكشەممە لە بەیاننامەیەكدا وتی"ئێوارەی ئەمڕۆ گروپێكی دەرچو لە یاسا، ژمارەیەك موشەی ئاڕاستەی ناوچەی سەوز لە بەغدا كردون."

وتوشیەتی"دەركەوتوە شوێنی هاویشتنی موشەكەكان بنكەی سەربازی رەشید بوە، موشەكەكان لەنێو كۆمەڵگەی نیشتەجێبون كەوتونەتە خوارەوەو بەر ژمارەیەك بینای نیشتەجێبونی 'قادسیە' كەوتون."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەئاكامدا زیانی ماددی بەر بیناكان و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی مەدەنی كەوتوە بەبێ ئەوەی زیانی گیانیان لێ بكەوێتەوە."

بەپێی میدیا عێراقییەكان و ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، سیستمی بەرگریی موشەكی لە باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە وەڵامی بۆ هێرشە موشەكییەكان هەبوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×