وتەبێژی سەربازیی كازمی: زیانگەیاندن بە ئاسایشی نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەكان قبوڵ ناكەین
  2020-12-20       571       

لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق سەبارەت بە هێرشە موشەكییەكەی ئەمشەو بۆ سەر ناوچەی سەوز، رایگەیاند، زیانگەیاندن بە ئاسایشی نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەكان قبوڵ ناكەین و دەشڵێت: هێزە ئەمنییەكان شوێنپێی دەرچوان لە یاسا هەڵدەگرن و روبەڕوی یاسایان دەكەنەوە.

ئاوێنە: لیوا یەحیا رەسوڵ لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراق راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ، "گروپە تاوانكارەكان" دوبارە بە هێرشی موشەكی دامەزراوەكان و ماڵی خەڵكی مەدەنیان لە ناوچەی سەوزی بەغدا كردۆتە ئامانج، ئەوەش بوە هۆی زیانگەیاندن بە هەندێك لە بیناكانی نیشتەجێبون و ئۆتۆمبێل و تۆقاندنی دانیشتوانی ناوچەكە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو جۆرە كردەوانە ئامانجیان ئاسایشی هاوڵاتیان كەمكردنەوەی شكۆی دەوڵەت و شێواندنی سەقامگیرییە.

وتوشیەتی: هێرشەكە پەیامێكی نەرێنتییە بۆ جیهان و زیان گەیاندن بە ئاسایشی نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەكان لە بەغداو هەڕەشە لێكردنیان قبوڵ ناكەین و ئێمە پابەندین بە پاراستنیان.

جەختیشی كردۆتەوە كە هێزە ئەمنییەكان كاردەكەن بۆ شوێنپێ هەڵگرتنی دەرچوان لە یاساو روبەڕوكردنەوەیان بە عەدالەت و رێگە بە سەپاندنی هیچ ئیرادەیەك لەسەر حسابی ناوی عێراق و سەروەرییەكەی، نادەین.

ئەمشەو بە هەشت موشەكی كاتیۆشا هێرشكرایە سەر ناوچەی سەوزی بەغداو زیان بە هەندێك لە باڵەخانەكانی نیشتەجێبونی ناوچەكەو چەند ئۆتۆمبێلێكی هاوڵاتیان گەیشت. باڵیۆزخانەی ئەمریكا رایگەیاند، كە سیستمی بەرگریی باڵیۆزخانەكەیان وەڵامی موشەكەكانی داوەتەوە زیانی ماددی سوك بەر كۆمەڵگەی باڵیۆزخانەكەیان كەوتوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×