بۆ رۆژی سێیەم، ئەنجومەنی وەزیران بۆ تاوتوێكردنی بودجە لەكۆبونەوەدایە
  2020-12-21       304       

ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممەبۆ رۆژی سێیەمی لەسەریەك، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەستی بە كۆبونەوە كرد بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی وڵات.

ئاوێنە: بەگوێرەی بەیاننامەیەكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی دەستی بە كۆبونەوە كردۆتەوە بۆ تاوتوێكردنی بودجەی 2021ی وڵات.

ئەوە سێیەم رۆژە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژە یاسای بودجە كۆدەبێتەوەو بڕیارە دوای پەسەندكردنی رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكرێت كە زیاتر لە دو مانگە لە وادەی ناردنی بۆ پەرلەمان دواكەوتوە.

رەشنوسی بودجەكە كە چەند رۆژێك لەمەوبەر دزەی پێكرا بۆ نێو میدیا عێراقییەكان، مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەت لە پەیوەست بە دابەزینی بەهای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی و هەروەها كەمكردنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەران.

دوێنی ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراق بڵاویكردەوە كە لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، مستەفا كازمی رەتیكردۆتەوە  دەرماڵەی ئەو فەرمانبەرانە لە بودجەدا كەمبكرێتەوە كە موچەكانیان كەمە.

ئەوەشی خستبوەڕو، هەروەها كازمی پێشنیاری بەرزكردنەوەی نرخی بەنزینی لە بودجەدا رەتكردۆتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×