گومرگی هەرێم: بڕیاری بەرزکردنەوەی دۆلار کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی هەبوە
  2020-12-21       683       

ئەمڕۆ دوشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێم بە گشتاندنێک ھەمو دەروازە سنورییەکانی ئاگادارکردەوە، کار بە نرخی نوێی دۆلار بکەن و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگیش دەڵێت، بڕیارەکە لەلایەن بەغداوە دراوەو کاریگەریی لەسەر جوڵەی بازرگانی ھەبوە.

ئاوێنە: ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند "دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق نرخی نوێی بۆ دۆلار دیاری کرد، لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمەوە ئاگادارکراینەوە کار بە نرخی نوێی دۆلار بکەین، ھەر ئەمڕۆ دەروازە سنورییەکانمان ئاگادارکردەوە بۆ کارکردن بە نرخی نوێی دۆلار، چونکە ھەمو عێراق یەک سیستەمەو دەبێت ئێمەیش جێبەجێی بکەین".

وتیشی"وەرگرتنی گومرک لە دەروازە سنورییەکان بە دو شێوەیە، ھەندێکی بە پارەی دیناری عێراقی و ئەوی دیکە بە دۆلارە، ئەوەی دینارە بەرامبەر بە دۆلار ھەژمار دەکرێت و بەپێی نرخی نوێی بانکی ناوەندی دیناری عێراقی وەر دەگرین."

ساماڵ عەبدولڕەحمان جەختی کردەوە"گۆڕانکارییەکەی نرخی دراو کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی پەیدا کردوەو پێشبینی دەکەین ھێنانی کەلوپه‌ل تا چەند ڕۆژێکی دیکەش کەم ببێتەوە، چونکە بازاڕ ناجێگیر دەبێت و خواست وەک پێشتر نامێنێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×