2020-12-22   907     
وەک هۆشداریدان بە ئێران، ژێردەریاییەکی ئیسرائیلی بە ئاشکرا لە گەرووی سوێس تێپەڕی و گەشتە کەنداوی عەرەبی. دوێنێ ئێوارەش ژێردەریاییەکی ئەتۆمی ئەمریکاش گەرووی هورمزی تێپەڕاند و گەشتە هەمان کەنداو.
ئاوێنە: پێگەی تایمزی ئیسرائیلی ڕایگەیاند " ژێردەریاییەکەی ئیسرائیل بە ڕێگەپێدانی میسر لە کەناڵی سوێس تێپەڕیوە."
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی تایمزی ئیسرائیلی " ژێردەریاییە ئیسرائیلیەکە لەگەڵ تێپەڕینی بە کەناڵی سوێسدا، هاتۆتە ڕووی ئاوەکە و بەرەو کەنداوی عەرەبی ڕۆشتووە". تایمز ئاماژە بەوەشدەکات، ئەم هەنگاوەی بە "ناردنی پەیام" بۆ ئێران دادەنرێت.
پێشتریش ئاڤیڤ کوخاوی، فەرماندەی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران و هاوپەیمانەکانی، هەنگاو دژی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی هەڵبگرن، کاردانەوەی زۆر توندمان دەبێت.
ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدایە، دوێنی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە سەردانێکی لەناکاو گەشتە عێراق و هۆشداری دایە ئێران هیچ رەفتارێکی نەشیاو نەنوێنیێت.
3ی مانگی داهاتوو"کانوونی دووەم"ی 2021، ساڵڕۆژی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانە، کە پارساڵ لەلایەن ئەمریکاو و بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، نزیکی فرۆکەخانە بەغداد کوژرا.