په‌رله‌مانتارێك: پرسی گواستنەوەی موچەی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم بۆ سه‌ر بەغداد هێشتا بابەتێکی جدییە
  2020-12-22       1062       
به‌وته‌ی‌ ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پرسی گواستنەوەی موچەی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ سه‌ر حكومه‌تی‌ عێراق هێشتا بابەتێکی جدییە.

ئاوێنه‌: وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ باس له‌ "مردن"ی‌ پرۆژه‌ی‌ گواستنەوەی موچەی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ سه‌ر حكومه‌تی‌ عێراق ده‌كه‌ن، سەرکەوت شەمسەدین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌ڵێت، پرسی گواستنەوەی موچە بۆ بەغداد هێشتا بابەتێکی جدییە.

ناوبراو له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه‌، پرسی بەستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبەغدادوه‌، یان ئەوەی لەعێراق پێی دەڵێن (توطین)ی موچە بابەتێکە هێشتا لەقۆناغەکانی سەرەتایدایەو هەنگاوی گرنگی بریووە. 

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ لەیاسای بودجەی فیدڕاڵی ۲٠۲۱ پشکی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە نزیکەیی (٦) تریلیۆن دینار ئەژمارکراوە بەڵام بەهیچ جۆرێک ئالیەتی دابەشکردنەکە بریاری لێ نەدراوە، پەرلەمان دەتوانێ رێکاری پێویست بۆ ئەوە دابنێ.

سەرکەوت شەمسەدین ده‌ڵێت، "پرۆژەکەی ئێمە کە هاورێمان د. رێبوار بەشی زۆری ئەرکەکەی خستە سەرشانی خۆی بەهاوکاری مامۆستایانی نارازی، لەپەرلەمان کاری بۆکراوە کە لە برگەیەکی یاسای بودجەی ۲٠۲۱ جێگەی بکرێتەوەو ئالیەتی بۆ دیاری بکرێت، نەک وەزارەتی دارایی عێراق. واتە پرۆژەکە هی پەرلەمانەو لەپەرلەمانەوە کاری لەسەر دەکرێت."

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكردۆته‌وه‌ كه‌ ئەو هەنگاوە پێویستی بەبونی بنەمایەکی یاسایی هەیە، "ئێمە دەمانەوێت لەیاسای بودجە ئەو بنەمایەی بۆ دروستبکەین، پاشان پێویستی بەکردنەوەی بانکە فیدڕاڵییەکانە لەکوردستان، بۆ ئەوەش لەگەڵ برای بەرێزم مامۆستا ئەحەد حاجی رەشید قۆناغی زۆرمان بریووەو زۆری نەماوە ئەگەر حکومەتی خۆجێیی سلێمانی هەماهەنگ بێت."

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ڕاشیگه‌یاندووه‌، "چۆنیەتی جێبەجێردنەکەی قۆناغی دواترە کە ئایا حکومەتی هەرێم هەماهەنگ ئەبێت یان ئەو بریارە دەدرێتە دەست پارێزگاکان، ئەوەش قۆناغێکی تری شەرەکەیەو هێشتا بەردەوامە."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×