2020-12-23   1029     
سەرکۆماری تورکیا، رەخنەی لە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا گرت، بەوەی داوای کردبوو دەستبەجێ سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئازاد بکرێت.
ئاوێنه: دوێنی سێشەممە ٢٢ی ١٢ی ٢٠٢٠ دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ دووەمجار داوای لە دادگای تورکیا کرد، کە دەستبەجێ دەمیرتاش ئازاد بکەن، چوونکە ئەو بەڵگانەی ئەوی پێ تۆمەتبار کراوە، باوەڕپێکراو نین و مافی دەمیرتاش پێشێل کراوە.
رۆژنامەی حوریەت-ی تورکی لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئاکەپەدا لەوبارەیەوە قسەی کردووە.
بە گوێرەی هەواڵەکە ئەردۆغان وتوویەتی "هەر بڕیارێک لەبارەی تورکیاوە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەبێت، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا رەزامەندیی نیشان دەدات. جارێ لە دادگای ئێمەدا هیچ بڕیارێک دەرنەچووە، کەچی ئەوان بڕیار لەبارەی کەیسەکەوە دەدەن و دژی تورکیا هەنگاو دەنێن و پیاوەکانی خۆیان دەپارێزن. ئەم بڕیارە پەیوەست نابێت بە ئێمەوە و نایناسین".
سەلاحەدین دەمیرتاش سیاسەتمەدار و هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) کەلە ساڵی ٢٠١٦وە لەلایەن تورکیاوە زیندانی کراوە، ئەمە دووەمجارە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاوە داوای ئازدکردنی دەکرێت.