دەستەی خاڵە سنورییەكانی عێراق نوسینگەی خۆی لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە
  2020-12-23       546       

دەستەی خاڵە سنورییەكانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر كردنەوەی نوسینگەیەكی دەستەكە لە هەرێمی كوردستان ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و رێگەگرتن لە هاتنەناوەوەی هەر كاڵایەك كە كاریگەری لەسەر جوتیاران و پیشەوەران هەبێت.

ئاوێنە: عومەر وائیلی، سەرۆكی دەستەی خاڵە سنورییەكانی عێراق، بە ئاژانسی رەسمی وڵاتەكەی راگەیاند، دەستەكەیان خەریكی كردنەوەی نوسینگەی خۆیەتی لە هەرێمی كوردستان و بۆ ئەوەش رەزامەندی سەرۆك وەزیران، مستەفا كازمی وەرگیراوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، بۆ كردنەوەی نوسینگەكە لە ئێستادا نوسراویان ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كردوەو چاوەڕێی وەڵامن.

بەپێی قسەی سەرۆكی دەستەكە، بونی نوسینگەیان لە هەرێمی كوردستان بە ئامانجی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و رێگریكردن لە هێنانی هەر مادەیەكە كە كاریگەری لەسەر جوتیاران و پیشەوەران هەبێت، ئەوەش وێڕای یەكخستنی رێنماییەكانی هاوردەكردنی بابەتی كشتوكاڵی و رێگریكردن لە هێنانی هەر ماددەیەكی قەدەغەكراو لە ڕێگەی خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×