ترەمپ بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ خەزوری ئیڤانکا دەرکرد
  2020-12-24       642       

کۆشکی سپی ئاشکرایکرد کە ئەمڕۆ پێنجشەمە 24ی کانونی یەکەم، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ چارلز کۆشنەری باوکی جارید کۆشنەری هاوسەری ئیڤانکا دەرکرد.

ئاوێنه‌:  کۆشکی سپی لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ 29 کەس دەرکردووە.

 لێخۆشبوونەوەکەی دۆناڵد ترەمپ، ڕۆجێر ستۆن، هاوڕێی نزیک و یاریدەدەری پێشوو، پۆڵ مانافۆرت، سەرۆکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پێشووی ترەمپ و چارلز کۆشنەر، باوکی گەورە ڕاوێژکاری ترەمپ، جارید کۆشنەری گرتووەتەوە.

ڕاگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، مانافۆرت تاوانبار کراوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی دەستێوەردانەکانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2016، هەروەها ڕۆجێر ستۆن کە تاوانبار بوو بە سوێند خواردنی بە درۆ بەرامبەر یاساناسان لەو دۆسیەیەدا، لە لیستی ئەوانەدایە کە ترەمپ لێخۆشبوونی بۆ دەرکردوو.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ لێخۆشبوونی بۆ 15 کەسی دیکە دەرکردووە، لەناویاندا دوو ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکای تێدایە، سەرەڕای دوو ئەندامی پێشووی کۆمارییەکان هەریەکە لە دنکان هانتەر لە کالیفۆرنیا و کریس کۆلێنز لە نیویۆرک.

هەروەها ترەمپ دوێنێ چوارشەممە لێخۆشبوونی بۆ چوار لە تاوانبارانی کوشتاری ساڵی 2007ی بەغداد دەرکرد کە سزادرابوون بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەکی درێژ.

ترەمپ لە شەپۆلی لێخۆشبوونەکانیدا بڕیاری بۆ دوو ئەفسەری پاسەوانی سنوری ئەمریکا دەرکرد کە تاوانباربوون بە تەقەکردن لە مکسیکییەکان لە ساڵی 2005.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×