حكومەتی عێراق نزیكەی 70 هەزار كەس لە كەرتی تەندروستی دادەمەزرێنێت
  2020-12-24       410       
وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند لە بودجەی ساڵی 2021 دا نزیکەی 70 هەزار پلەی دامەزراندن بۆ دەرچووانی بەشەکانی تەندروستی و پزیشکی تەرخانکراون.

ئاوێنه‌:  لەمبارەیەوە حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە راگەیاندنی فەرمیی عێراقی راگەیاندوە: "لە بودجەی ساڵی 2021دا نزیکەی 70 هەزار پلەی دامەزراندن بۆ دەرچووانی ساڵانی 2018 و 2019 تەرخانکراون، کە یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2000 تایبەت بە خاوەن پیشە پزیشکی و تەندروستییەکان، لەگەڵ هەمواری سێیەمی یاسای تایبەت بە پیشەی تەندروستی، دەیانگرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشكردووە: "1 تریلیۆن و 300 ملیار دینار، بۆ دابینکردنی پێداویستی تەندروستی تەرخانکراون، لەگەڵ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک، وەک دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بەڕێگەی بانکی نێودەوڵەتی".

ئەمەش لە کاتێکدایە،د كە عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق، سەرەتای ئەم هەفتە لە دیدارێکدا رایگەیاند: بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021 هیچ پلەیەکی دامەزراندنی لە دەزگاکانی دەوڵەت تێدا نابێت، بەڵکو تەنیا دامەزراندن لەبری خانەنشینکراوەکانی تێدا دەبێت.

شایەنی باسە رۆژی دووشەممە 21 کانوونی یەکەمی 2020، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی نائاسایی خۆیدا، پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021ـی پەسەندکرد، دیارترینی بڕگەکانی پرۆژە یاساکە بریتین لە: لێبڕینی 40٪ـی مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، لێبڕینی 30٪ـی مووچەی وەزیرەکان و پەرلەمانتارەکان، لێبڕینی بڕێکی کەمی مووچەی فەرمانبەرانی پلەدار.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×