لێدوانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەبارەی بودجەو دابەزاندنی نرخی دیناری عێراقییەوە
  2020-12-25       458       

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، پێشوازی لە پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 دەكەن لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوەو پێیانوایە ئەو پڕۆژە یاسایە چاكسازیی دارایی گرنگ لەخۆدەگرێت و لەپاڵ دابەزاندنی نرخی دیناری عێراقیدا، دەبنە چەند هەنگاوێكی زۆر گرنگ بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری ئابوری.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراق، نێردەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، پەتای كۆرۆناو دابەزینی نرخ و بەرهەمهێنانی نەوت، لاوزی ئابوری عێراقیان زیاتر كرد، بۆیە پێویست بە ئەنجامدانی هەڵسەنگاندێكی یەكلاكەرەوەی سیاسەتی ئابوری دەكات لەپێناو پاراستنی سەقامگیری ئابوریدا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، پێشوازی لە پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 دەكەین لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە كە بەپێی تێگەیشتنی ئێمە، جێبەجێكردنی چەند چاكسازییەكی دارایی تێدا مەزەندەكراوە كە لە پاڵ دابەزاندنی نرخی دراودا، دەبنە هەنگاوی زۆر گرنگ بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری ئابوری.

لەگەڵ ئەوەش ئاماژەی بەوەدا كە ئەو پلانە نزیك مەودایەو پێویستە چاكسازی زیاتری بەدوادا بێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە هەوڵەكانی حكومەتی عێراق دەكات بۆ چاكسازی لەم دۆخە پڕ لە ئاڵنگارییەدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×