سوپای پاسداران هەڕەشەی دەركردنی ئەمریكا لەناوچەكە دەكات
  2020-12-26       890       

جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی دەركردنی ئەمریكا لە ناوچەكە دەكات و دەشڵێت، پرسی تۆڵەكردنەوەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقەكەیان كە لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكادا لەبەغدا كوژرا، هێشتا لەئارادایە.

ئاوێنە: عەمید محەمەد حیجازی، جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، لە لێدوانێكدا رایگەیاند، هەروەك عەلی خامەنەیی، رابەری شۆڕشی ئیسلامی وتی، لە تۆڵەی كوژرانی قاسم سولەیمانیدا دو گورز لە ئەمریكا وەشێنراون كە یەكێكیان رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی بو و دوەمیان ئەو گورزە موشەكییە بو كە لە بنكەی سەربازی "عەین ئەسەد" لە عێراق وەشێنرا.

محەمەد حیجازی، وتوشیەتی: دو گورزی دیكە لە ئەمریكا دەوەشێنین، یەكەمیان شكست پێهێنانی پلانی ئەمریكایە لەناوچەكە كە لە ئێستادا رودەدات و دوەمیشیان بریتییە لە دەركردنی ئەمریكا لە ناوچەكە.

جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودس، وێڕای ئەوەش وتویەتی"بێگومان ئەوانە تەنها گورزن و تۆڵەكردنی توند هێشتا لە ئارادا دەبێت، دەبێت تۆڵە لەوانە بكرێتەوە كە فەرمانی كوشتنی قاسم سولەیمانیان داوەو جێبەجێیان كردوە. بەڵام كات و شێوازی تۆڵەكردنەوەكە لەسەر دۆخەكە وەستاون."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×