وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەواڵی رادەستكردنی ئەندامەكەی عەسائیب بە حەشدی شەعبی رەتدەكاتەوە
  2020-12-26       888       

دوای ئەوەی نوسراوێك بەناوی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و روبەڕوبونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوكراوەیەوە  كە تێیدا هاتبو رێككەوتن كراوە لەسەر رادەستكردنی دەستگیركراوەكەی عەسائیبی ئەهلی هەق بە ئاسایشی حەشدی شەعبی كراوە، ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتەكە رایگەیاند كە ئەو نوسراوە ساختەیە.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، كەمێك لەمەوبەر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ ئەو هەواڵە بەتەواوەتی رەتدەكاتەوە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هەندێك لە میدیاكان بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بە رادەستكردنی یەكێك لە تۆمەتباران ئەوەش دوای بڵاوكردنەوەی نوسراوێكی ساختە كە سەرلەبەری ساختەیەو زانیاری درۆی سەبارەت بە نیازی وەزارەتەكە بۆ رادەستكردنی ئەو داواكراوە تێدایە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە دیاردەی بڵاوكردنەوەی نوسراوی ساختە سەبارەت بە كاری فەرمانگەو بڕیارەكانی وەزارەتەكەیان باش نییەو هەڕەشەی روبەڕوكردنەوەی ئەوانەی بە دادگا كردوە كە كاری ساختەكردنی نوسراوەكان دەكەن.

بەرلەوە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق، لە تویتێكدا، وتی"ئەوەی رویدا لەدەستگیركردنی یەكێك لە كەسەكانی سەربە حەشدی شەعبی بە تۆمەتێكی فێڵاوی، بە عەقڵ و حیكمەت چارەسەركرا." بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وردەكاری چارەسەركردنەكە بكات.

شەوی رابردو، هەندێك چەكدار بەناوی عەسائیبی ئەهلی هەقەوە، لە شەقامەكانی بەغدا، هەڕەشەی روبەڕوبونەوەی حكومەتیان كرد ئەگەر ئەو سەركردەیەیان كە بە تۆمەتی تێوەگلان لە هێرشە موشەكییەكەی رۆژی یەكشەممەی رابردو دەستگیركراوە، ئازاد نەكرێت. ئەوەش پشێوی لە بەغدا دروست كرد.

لەبەرامبەردا مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تویتێكدا وتی"ئاسایشی عێراق سپاردەیە لە گەردنمان، مل بۆ سەركێشی و هەنگاوی تاكلایەنە نادەین...داوای هێوركردنەوەمان كردوە بۆ پاراستنی وڵات لە سەركێشی تری بێهودە، بەڵام ئامادەی روبەڕوبونەوەین ئەگەر پێویست بكات."

هەر شەوی رابردو مستەفا كازمی هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی لە شەقامەكانی بەغدا لەهەردو بەری كەرخ و رەسافە بەسەركردەوە.

ئەمڕۆش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپای عێراق دڵنیایی دا كە بەغدا ئارامەو هیچ هەڕەشەیەكی لەسەر نییەو هەوڵە هەواڵگرییەكانیشیان چڕكردونەتەوە بۆ شوێنپێهەڵگرتنی ئەنجامدەرانی هێرشە موشەكییەكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×