بەشیر حەداد: بەپێی دەنگۆی لایەنه‌ سیاسییەكان سبەینێ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 ده‌گاتە پەرلەمان
  2020-12-26       468       
جێگری سەرۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بەپێی ئەو دەنگۆیەی كە لە لایەن هەندێك لایەنی سیاسییەوە هەیە، بڕیارە سبەینێ یەكشەممە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بگاتە پەرلەمانی عێراق.

ئاوێنه‌:  ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 26 ی كانونی یه‌كه‌می 2020 د. بەشیر حەداد، جێگری دووه‌می سەرۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاندوه‌، "گرفتی سەرەكی لە بەردەم ڕەوانە نەكردنی ڕەشنووسی پڕۆژەی بودجەی 2021 عێراق، زۆریی خەرجی و بابەتی كورتهێنانە لە بوجەكەدا، هەرچەندە بڕیار بوو پێش سەری ساڵ واتە هەفتەی رابردوو پڕۆژەكە ڕەوانەی پەرلەمان بكرایە، كە تائێستا نەكراوە."

جێگری سەرۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق باسی له‌وه‌ش كردوه‌، "بەپێی ئەوەی كە ئەمڕۆ لە هەندێك سەرچاوەوە بڵاوكراوەتەوە بڕیارە سبەینێ پرۆژەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت، لەگەڵ گەیشتنی بۆ نێو پەرلەمان، خوێندنەوە بۆ بڕگە و ماددەكانی نێو یاساكە دەكرێت، كە ئەمەش بێگومان نزیكی مانگێك یان زیاتری پێوستە بۆ ئەوەی بە تەواوی پرۆژەكە وەك ئەوەی هەیە پەسەند بكرێت".

بەشیر حەدادئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوه‌، " وەك پەرلەمان بە هیچ شیوەیەك لەگەڵ ئەوە نین دەستكاریی مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی بكرێت، لیژنەی دارایی پەرلەمانیش ئەمەی ڕەت كردووەتەوە، ئەگەر گۆڕانكارییەكیش لەبابەتی مووچە یاخود كەمكرنەوەی هەبێت، ئەوا تەنها ئەوانە دەگرێتەوە كە پلە باڵان، بە تایبەت لە سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق".

هه‌روه‌ها ناوبراو ئه‌وه‌شی خستۆته‌روو "دواكەوتنی پڕۆژەبودجەی 2021 كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق، بەڵام بابەتی لێپرسینەوەی وەزیری دارایی عێراق و بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی، هیچ كاریگەرییەكی نابێت لەسەر دواكەوتن و موناقەشەكردنی پڕۆژەیاساكە لەنێو هۆڵی پەرلەمان، چونكە هەردوو بابەتەكە بە رێكار و پەیڕەوی خۆیان كاریان لەسەر دەكرێت".

بەگوێرەی پڕۆژەکەیاساكه‌، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە بودجە و نەوت ڕێککەوتوون، بەڵام بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، پێویستە پڕۆژەکە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت و دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×