رۆحانی: ئێران ڤاکسێنی جیهانیی کۆرۆنای کڕیوە و پارەی پێکوتەکەشی ناردووە
  2020-12-26       470       
سەرۆک کۆماری ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە دروست کردنی پێکوتەی کۆرۆنا لە ئێران دەکات و دەڵێت ئەمریکا لە دروست کردن و کڕینی پێکوتەی کۆرۆنا دژی ئێران کارشکێنی دەکات، وتیشی، ئێران ڤاکسێنی جیهانیی کۆرۆنای کڕیوە و پارەی پێکوتەکەشی ناردووە بەڵام فرۆشیار داوای کردووە، سەرەتا پێویستە پارەکە لە بانکێکی ئەمریکییەوە داخڵ ببێت.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ شەممە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە پرسی کۆرۆنا و دۆخی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند ئێران هاوکات کە کار بۆ دروستکردنی پێکوتەی دژە کۆرۆنا دەکات پرسی کڕینی پێکوتەی پەسەندکراوی جیهانیی پشتگوێ خستووه‌ بەڵام ئەمریکا بۆ کڕینی ئەو ڤاکسێنە کارشکێنی دەکات.

ڕۆحانی وتیشی، ڕێبەری باڵای ئێران جەختی کردە سەر ئەوەی هەوڵی سڕکردن یان نەهێشتنی گەمارۆ ئابوورییەکان بدرێت و دەوڵەتیش هەموو توانای خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەو مەبەستە بەڵام ئەمریکاش وا نەزانێت کە ئێران هیچ کێشەیێکی نیبە. نەخێر ئێمە هەرگیز ناتوانین متمانە بە ئەمریکا بکەین کە بە ئاشکرا خه‌ریکی دزیکردنە و لە هەر شوێنێکی جیهان پارەیێکی ئێران بووبێت هەوڵی داوە بە شێوەیێک لە شێوەکان بیدزێت.

سەرۆک کۆماری ئێران ڕوونیشی کردەوە کە ئێران ڤاکسێنی جیهانیی کۆرۆنای کڕیوە و پارەی پێکوتەکەشی ناردووە بەڵام فرۆشیار داوای کردووە کە سەرەتا پێویستە پارەکە لە بانکێکی ئەمریکییەوە داخڵ ببێت.

ڕۆحانی ئاماژەی بە ئامار و داتاکانی کۆرۆنا لە ئێرانیش کرد و ڕایگەیاند کە پێویستە کارێک بکرێت کە ئەم ئامارانە کەمتر ببنەوە و نەگەڕێینەوە بۆ ئامارە زۆرەکەی پێشوو.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×