وتەبێژی سوپای ئیسرائیل: ئه‌گه‌ری هەیە ئێران لە عێراق و یەمەنەوە هێرشبکاتە سەر وڵاته‌كه‌مان
  2020-12-27       515       

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی چاودێری هەموو جووڵەکانی ئێران دەکات لە ناوچەکەدا و پێیوایە ئێران وەک بەرمیلە بارووتێک ئامادەیە بۆ تەقینەوە.

ئاوێنه‌: وتەبێژی سوپای ئیسرائیل،ئەفیخای ئەدرەعی،  لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەری "ئیلاف " دا وتی: سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل لە عێراق و یەمەنەوە دێت، ژێردەریاییەکانی وڵاتەکەی، بەهەموو دونیادا دەگەڕێن و مەبەستیانە سەقامگیری و ئارامی بۆ وڵاتەکەیان دابین بکەن.

ئەدرەعی روونیشی كردەوە:  ئه‌گه‌ری هەیە ئێران لە عێراق و یەمەنەوە هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل، هەروەها "زانیاریمان هەیە لەسەرئەوەی ئێران جۆرێک لە درۆن پەرەپێدەدات، لەگەڵ مووشەکی زیرەکدا، کە توانای گەیشتنە ئیسرائیلیان هەیە".

ئەو دەڵێ، کاتێک ئەڤیڤ کوخابی، فەرماندەی ئەرکانی ئیسرائیل هۆشداریدایە ئێران، لە هەنگاونان بەرەو هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، مەبەستی عێراق و یەمەن بوو. کاتێکیش باسی لە دەوڵەتانی بازنەی دووەم کرد، مەبەستی لوبنان و سووریا بوو. سەرنجدەداتە سەرئەوەی ئێران لە ساڵی 2019دا هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆی سعودی، لە یەمەن و عێراق و ئێرانەوە.

ئەدرەعی دەشلێت، ئێران ئەوکارەی بەبەکارهێنانی دەیان درۆن ئەنجامداوە، لەگەڵ مووشەکی ئاراستەکراو لە دوورەوە، بەبێئەوەی کەس توانای ئاشکراکردنیانی هەبێت: "ئەوەش بەڵگەیە لەسەر توانا گەورەکانی ئێران لەو بوارەدا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×