ئیرەج مەسجدی: كازمی دۆستێكی دێرینی ئێرانەو پەیوەندیمان لەگەڵی باشە
  2020-12-28       625       

ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لەبەغدا رایگەیاند: مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دۆستێكی دێرینی ئێرانەو پەیوەندییەكانیان لەگەڵی باشن. رەتیشیدەكاتەوە كە وڵاتەكەی دەستی هەبێت لە هێرشە موشەكییەكاندا بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا. جەختیش دەكاتەوە كە عێراق ناكەنە گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكان و دەشڵێت: مافی خۆمانە تۆڵەی كوژرانی قاسم سولەیمانی لە ئەمریكییەكان بكەینەوە بەڵام مەرج نییە تۆڵەكە سەربازی بێت.

ئاوێنە: ئیرەج مەسجدی، ئەمڕۆ دوشەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی "ئەلعەهد"ی عێراقیدا رایگەیاند"پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكومەتەكەی كازمی بەرهەمدار و ئەرێنین لە سەرجەم بوارەكانداو كازمی دۆستێكی دێرینی ئێرانەو پەیوەندییەكانمان لەگەڵی باشن. ئێران رێز لەهەر سەرۆك وەزیرانێكی عێراق دەگرێت كە لەڕێگەی دەنگی پەرلەمانەوە بگاتە پۆستەكە."

هەژمونی ئێران لە عێراق

ئیرەج مەسجدی ئاماژەی بەوەدا كە ئەگەر مەبەست لە "هەژمونی ئێران خۆشەویستی زۆری عێراقییەكان بێت بۆمان ئەوا ئێمە لەگەڵ ئەوەداین، گەلی ئێرانیش گەلی عێراقی خۆشدەوێت ئەوەش تێگەیشتنێكی بەرامبەر و هاوبەشە."

جەختیشی كردەوە كە "هیچ دەستوەردانێك لە كاروباری عێراقدا ناكەین و سیاسەتی خۆمان نەسەپاندوە."

"نازانین كێ بۆردومانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەكات"

سەبارەت بەو ھێرشە موشەكییانەی ناوبەناو دەكرێنە سەر ناوچەی سەوز لە بەغدا، باڵیۆزی ئێران وتی"ئێران هیچ دەستێكی نییە لە بۆردومانكردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكاداو نازانین كێ بۆردومانی باڵیۆزخانەكە دەكات و بەهیچ شێوەیەك كارێكی وا قبوڵ ناكەین."

جەختیشی كردەوە "پشتیوانی هیچ لایەنێك ناكەین بۆ بۆردومانكردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا."

"عێراق ناكەینە گۆڕەپانی ململانێ"

ئیرەج مەسجدی ئاماژەی بەوەدا كە وەڵامدانەوەی وڵاتەكەی بۆ كوژرانی قاسم سولەیمانی، راستەوخۆ بۆ سەر بنكەی سەربازی ئەمریكییەكان بوە و بۆردومانكردنی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكاش لە عێراق بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی واشنتۆنە.

وتیشی"نامانەوێت عێراق بكەنە گۆڕەپانی ململانێ لەگەڵ ئەمریكاو نەشمان كردۆتەوە گۆڕەپانی تەسفیەی حسابات."

جێگرەی قاسم سولەیمانی

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا مەسجدی باسی رۆڵی جێگرەوەی قاسم سولەیمانی كردو رایگەیاند، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی ئێستای فەیلەقی قودس، بەرپرسی دۆسیەی عێراقە لە ئێران و پەیوەندی دوقۆڵی نێوان عێراق و ئێران لەسەردەمی قاسم سولەیمانیدا پرسی شەڕی داعشی لەخۆدەگرت، بەڵام ئەمڕۆ پەیوەندییەكە زیاتر رەهەندی ئابوری و كولتوری و كۆمەڵایەتی هەیە.

وتیشی"قائانی هیچ نێوەندگیرییەكی نەكردوە لەبارەی بۆردومانكردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە."

"تۆڵەكردنەوە"ی كوژرانی قاسم سولەیمانی

لەبەشێكی تری قسەكانی مەسجدی ئاماژەی بەوەدا كە ئێران مافی خۆیەتی تۆڵەی كوژرانی قاسم سولەیمانی لە ئەمریكییەكان بكاتەوە بەڵام مەرج نییە تۆڵەكردنەوەكە سەربازی بێت.

وتیشی: دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكە هاوتای تۆڵەكردنەوەی قاسم سولەیمانییە ئەوەش یەكێكە لە بژاردەكانیان و بڕیاری پەرلەمانی عێراقیشی بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا بە بڕیارێكی "نیشتمانی و ئازایانە" ناوبرد.

رەتیشیكردەوە كە وڵاتەكەی هیچ دەستوەردانێكی لەو بڕیارەدا كردبێت بەڵام وتی: ئێران پشتیوانی لە "خواستی گەلانی ناوچەكە دەكات بۆ رەتكردنەوەی بونی ئەمریكا."

لێكۆڵینەوەكان لە كوژرانی قاسم سولەیمانی

باڵیۆزی ئێران ئاماژەی بەوەشدا كە دادگای ئێران دۆسیەیەكی تایبەتی سەبارەت بە كوژرانی سولەیمانی كردۆتەوەو لەگەڵ عێراقیش هەردولا زۆر هاوكارن بۆ شوێنكەوتنی ئەوانەی لە كوژرانی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس-ەوە گلاون.

وتیشی"عێراق بە كەمتەرخەم نازانین لە روداوی كوژرانی قاسم سولەیمانیدا."

"نرخە نوێیەكەی دینار نرخێكی گونجاوە"

هەروەها مەسجدی باسی لەوە كرد كە بەشێكی زۆری مامەڵە بازرگانییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراق بە دینارەو راشیگەیاند، گۆڕینی نرخی دیناری عێراقی كاریگەری لەسەر دۆسیە بازرگانییەكان دەبێت و نرخە نوێیەكەی دیناریشی بە "گونجاو" بۆ بەشێكی زۆری بازرگاكان ناوبرد.

هەروەها وتیشی"هەناردەكردنی غازو كارەبا بۆ عێراق لەلایەن ئێرانەوە بەردەوامەو قەرزی غازی ئێرانی لەسەر عێراق سێ ملیار و نیو دۆلاری تێپەڕاندوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×