2020-12-29   485     
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوەو بەپێی راگەیەنراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەبارەت بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پپێشوەختە رایگهیاندووه: "ئەرکی سەرەکی حکووتەکەمان ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیە، چونکە ئەوه داواکاریی خۆپیشاندەران، مەرجەعەکان و ھێزە سیاسییەکانە کە داوای ئەنجامدانی گۆڕانکاری دەکەن".
ئاوێنه: مستهفا كازمی راشیگهیاندووه "لە قۆناغی راگوزەردا، سێ ئامانجی سەرەکیی بەدیھاتوون یەکەمیان ئەوەیە، سەرۆکوەزیران کەسێکی سەربەخۆیە و سەربە ھیچ لایەنێکی سیاسی نییە، دووەم، کۆمسیۆنێکی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان پێکھێنراوە و سێیەمیش، یاسایەکی دادپەرورانەی ھەڵبژاردنەکان پەسەندکراوە کە بەپێی یاساکە لە ھەڵبژاردنەکاندا ھەر کەسێک زۆرترین دەنگ بەدەستبھێنێت براوە دەبێت".
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە :"ھەلێكی باشمان لە بەردەمدایه بۆ ئەوەی متمانەی گەل بە دەوڵەت، سیستەمی سیاسی و پڕۆسەی دیموکراتی بگەڕێنینەوە، ئەوەیش بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەدی دێت کە سەقامگیری بۆ وڵات دەستەبەر دەکات".
راشیگهیاندووه: "دەسەڵات لای من بۆ خۆ رازیکردن نییە، بەڵکو قورساییەکە لەسەر شانمان بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدەین و ئەو کاتە ھەست دەکەین ئەو ئەرکە مێژوییەی پێمان سپێردرابوو ئەنجامانداوە و ئێمەیش زۆر جددین لە تەواوکردنی ئەو ئەرکە".
راشیگەیاندووە: "بە خۆشحاڵییەوە ئەو ئەمانهتهی کە پێمان سپێردرا لە ئەستۆمان گرتووە و وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەمان دیاریکردووە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشمان بۆ تەواوکردنی ئەرکە مێژووییەکەمانە".
سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە پاڵپشتی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە شەشی حوەزیرانی ساڵی داھاتوو، ئەنجام بدات.