پەیامنێرانی بێسنور: لەمساڵدا 50 رۆژنامەنوس لەجیهاندا کوژراون
  2020-12-29       439       
رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ لەمساڵدا 50 رۆژنامەنوس لەسەرانسەری جیهاندا کوژراون، له‌و ژماره‌یه‌ 7یان له‌عێراق كوژراون.

ئاوێنه‌: رێکخراوه‌كه‌ له‌نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕونیكردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ 68%ی‌ ئەو رۆژنامەنوسانه‌ لەو وڵاتانەدا کوژراون کە لەئاشتیدان، چونکە راستەوخۆ کراونەتە ئامانج. ئەوان راپۆرت و بەدواداچون‌و زانیاریی وایان بڵاوکردۆتەوە کە بۆ هەندێک بەرپرسی حکومی بێزارکەرو مایەی شەرمەزارین، بۆیە رۆژنامەنوسەکان بەمەبەست بەئامانج گیراون‌و كوژراون.

به‌پێی‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی‌ رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور، له‌ 2020دا 7 رۆژنامه‌نوس له‌عێراق كوژراون كه‌ زۆربه‌یان له‌كاتی‌ ڕوماڵی‌ خۆپیشاندانه‌كاندا به‌ئامانج گیراون.

له‌راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، به‌به‌راورد به‌ساڵی رابردو، عێراق شەش پلە دابەزیوەو لەپلەی 162یه مینی ریزبەندی ئه‌و وڵاتانه‌دایه‌ كه‌ زۆرترین توندوتیژی‌ دژی‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ تێدا تۆماركراوه‌.

پەیامنێرانی بێسنور لەبارەی ئازادیی كاری‌ رۆژنامەوانی‌ لەعێراق دەڵێت، "ئەو رۆژنامەنوسانه‌ی‌ بوێریی ئەوەیان هەیە روماڵی داواکارییەکانی خۆپێشاندەران بکەن، روبەڕوی گێچەڵ‌و رفاندن‌و هێرشی جەستەیی دەبنەوە، یان تەنانەت لەلایەن میلیشیا نەناسراوەکانەوە دەکوژرێن. لەهەموو لایەکەوە هەڕەشەیان لێده‌كرێت".

بەپێی ریزبەندیی رێکخراوی‌ پەیامنێرانی بێسنور، تورکیا سێ پلە بەرزبۆتەوەو لەریزبەندیی 154یه‌مین دێت، ئێران سێ پلە دابەزیوەو لەپلەی 173یه‌مین دێت، سوریا لەپلەی 174دا ماوەتەوە.
 
هەریەک لەکۆریای باکور، تورکمانستان، ئیریتێریا، چین‌و جیبۆتی بەخراپترین وڵات بۆ رۆژنامه‌نوسان دەستنیشانکراون.

هاوكات هه‌ریه‌ك له‌نەرویج، فینلاند، دانیمارک، سویدو هۆڵەندا ئه‌و پێنج وڵاته‌ن كه‌ له‌ڕیزبه‌ندی‌ ئه‌و وڵاتانه‌دان كه‌ ئازادی‌ كاری‌ رۆژنامه‌وانیان تێدا پارێزراوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×