وەزارەتی پلاندانانی عێراق پشت بە نرخی نوێی دۆلار نابەستێت
  2020-12-31       592       
وەزارەتی پلاندانانی عێراق كار بە نرخی نوێی دۆلار ناكات و راشیدەگەیەنێت،" لەگەڵ وەزارەتی دارایی رێککەوتوون هەر دۆلارێك بە هەزار و 182 دینار هەژماربکرێت".

ئاوێنە: ماهیر حەماد، بریکاری وەزیری پلاندانانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،" وەزارەتی پلاندانان پشت بە نرخە نوێیەکەی دۆلار نابەستێت کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە جێگیرکراوە و کار بە نرخی پێش بەرزبوونەوەی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەکات".

ئاماژەی بەوەشداوە،" لەگەڵ وەزارەتی دارایی رێککەوتوون هەر دۆلارێك بە هەزار و 182 دینار هەژماربکرێت بە ئامانجی ژمێریاری بۆ تێپەڕاندنی چەند پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان لە كۆتایی ئەمساڵدا".

ئەوەشی خستووەتەڕوو،"وەزارەتەکەیان کاردەکات بۆ تاوتوێکردنی جیاوازی نرخی دۆلار لەسەر پرۆژەی وەبەرهێنەرەکان لەکاتی جێبەجێکردنیاندا".

جێگەی باسە، بانکی ناوەندیی عێراق نرخی نوێی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بە 1450 دینار دەستنیشانکردووە، لە بری 1190 بۆ هەر دۆلارێک،راشیگەیاندووە كە نرخەکە گۆڕانکاری تێدا ناکرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×