"دژی برێكزتە"، باوكی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا داوای رەگەزنامەی فەرەنسی دەكات
  2020-12-31       932       

هاوكات لەگەڵ چونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، ستانلی جۆنسۆن، باوكی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن، داواكاری بۆ وەرگرتنی رەگەزنامەی فەرەنسی پێشكەش كردوە كە ئەو بەپێچەوانەی كوڕەكەیەوە دژی "برێكزتە".

ئاوێنە: رادیۆی ئاڕ تی ئێڵی فەرەنسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە زاری ستانلی جۆنسۆن-ەوە بڵاویكردەوە"پرسەكە ئەوە نییە ببمە فەرەنسی...من خۆم فەرەنسیم، دایكم لە دایكبوی فەرەنسایەو دایكی دایكم و باپیریشی فەرەنسین."

ستانلی جۆنسۆن، كە ئەندامێكی دێرینی پارتی پارێزگاران و ئەندامی پێشوی پەرلەمانی ئەوروپایە، وتوشیەتی: پرسەكە بۆ من پرسی داواكردنی ئەو شتەیە كە مافی خاوەندارێتی ئەو شتەم هەیە، ئەوەش زۆر دڵخۆشم دەكات.

باوكی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا وتوشیەتی"من هەمیشە ئەوروپی دەبم، ئەوەش شتێكی تەواوە. ناكرێت بە كەسێكی ئینگلیز بڵێیت: تۆ ئەوروپی نیت."
جەختیشی كردۆتەوە كە پەیوەست بون بە ئەوروپاوە كارێكی زۆر گرنگە.

قسەكانی باوكی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دوای ئەوە دێن كە دوێنێ پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ رێککەوتنی برێکزتی پەسندکرد، ئەمەش دوای ئەوەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا بە رەسمی رێککەوتننامەی بازرگانییان بۆ قۆناغی دوای برێکزت لەگەڵ ئەو وڵاتە ئیمزاکرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×