"ئینستیتیوتی ئابوری" ژمارەی موچە دابەشكراوەكانی ساڵی رابردو یەكلادەكاتەوە
  2021-01-01       1465       

ئینستیتیوتی ئابوری بە ژمارە سەبارەت مشتومڕی ژمارەی موچە دابەشكراوەكانی ساڵی رابردو دەڵێت، حكومەتی هەرێم لەماوەی ساڵی رابردودا هەشت موچەی دابەشكردوە بەڵام سێ موچەیان، موچەی ساڵی 2019 بون. دەشڵێت: بۆیە حكومەتی هەرێم تەنیا پێنج موچەی ساڵی 2020ی دابەشكردوە كە چواریان بە لێبڕینەوە بوە كە دەكاتە چوار موچەو لەسەدا 19ی موچەیەك.

ئاوێنە: بیلال سەعید، سەرۆكی ئینستیتیوتی ئابوری بە ژمارە، لە راپۆرتێكی شیكارێكدا رایگەیاندوە، حكومەت لەنێوان مانگی 1 بۆ مانگی 12ی ساڵی رابردو، هەشت موچەی دابەشكردوە. بەڵام ئەو 8 موچەیە، هەمویان موچەی ساڵی 2020  نەبون.

وتوشیەتی"ئەوەی دابەشكراوە، سێ موچەیان موچەی سێ مانگی ساڵی 2019 بون بەڵام لە ساڵی 2020دا دابەشكراون."

ئەوەشی خستۆتەڕو"پەیوەندیدار بە دابەشكردنی موچە لەساڵی 2020دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا موچەی پێنج مانگی دابەشكردوە لەكاتێكدا چوار مانگی بەلێبڕینەوە دابەشكراوە كە دەكاتە 81% موچەیەكی تەواو. واتە یەك موچەی تەواو و چوار موچە بە لێبڕین و سێ موچە پاشەكەوت كراوە لەسەر كابینەی هەشتەم و چوار موچەش بەنادیاری ماوەتەوە."

بەپێی راپۆرتەكە لە ساڵی 2020دا لە زۆركاتدا 50 رۆژ جارێك موچە دابەشكراوە و ئەویش بە لێبڕینی 21% لە كۆی گشتی موچە،  بەڵام بەشێوەیەكی گشتی كابینەی نۆیەم بە بیانوی خۆگونجاندن لەگەل حكومەتی عێراق مانگەكانی (4/5/6) بە پاشەكەوت ئەژماركردوە لەسەر كابینەی هەشتەم.

وتوشیەتی: لەهەمان ساڵدا كابینەی نۆیەم ساڵی 2020 بەجێهێشت بەبی ئەوەی ڕونكردنەوە بدات لەسەر موچەی مانگەكانی (7/8/11/12) هەروەها لێبڕینی موچەی مانگەكانی ( 2/3/ 9/10) كە دەكاتە 81% كۆی گشتی موچەی مانگی موچەخۆرێك.

جەختیشی كردۆتەوە "لەبەرئەوە لە ساڵی 2020 نەك پێنج موچە دابەشنەكراوە، بەڵكو چوار موچەو لەسەدا 19ی موچەیەك دابەشكراوە."

بەپێی خەمڵاندانەكان بڕی پارەی پێویستی بەردەستی حكومەت بۆ دابەشكردنی پێنج مووچەی مانگەكان لەساڵی 2020 بڕەكەی سێ ترلیۆن و 810 ملیار دینار بوە.

بەپێی نوسراوێكی حكومەتی عێراق لەماوەی ساڵی 2020 بڕی دو ترلیۆن و 81 ملیار دینار لەچوارچێوەی شایستە داراییەكان بۆ ساڵی 2020 ڕەوانەی هەرێم كراوە، واتە دوای لێدەركردنی بڕی تەرخانكراوی حكومەتی عێراق دەردەكەوێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ موچەی 2020 تەنیا بڕی یەك ترلیۆن و 729 ملیار دیناری تەرخانكردوە كە تەنیا 45%ی كۆی موچەی دابەشكراوی ساڵی 2020ە.

دوێنێ پێنجشەممە، بڵاوكردنەوەی ئینفۆگرافیكێك لەلایەن میدیای رەسمی كۆمەڵەوە سەبارەت بە ژمارەی موچە دابەشكراوەكانی ساڵی رابردو، مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناو حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ساڵی رابردودا هەشت موچەیان دابەشكردوە لەكاتێكدا كۆمەڵی ئیسلامی جەختی كردەوە كە تەنها پێنج موچەی ساڵی رابردو دابەشكراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×