ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بەڕێژەی لەسەدا 20 دەستپێكردەوە
  2021-01-04       563       

بەپێی قسەی وتەبێژی حكومەتی ئێران، ئەمڕۆ دوشەممە، وڵاتەكەی دەستیكردۆتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی لەسەدا 20.

ئاوێنە: ئاژانسی میهری ئێرانی ئەمڕۆ دوشەممە، لەزاری عەلی رەبیعی، وتەبێژی حكومەتی ئێرانەوە رایگەیاند، بەر لە چەند خولەكێك، دەست بە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم بەڕێژەی لەسەدا 20 كراوەتەوە لە دامەزراوەی فۆردۆ بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.

دامەزراوەی فۆردۆ بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دەكەوێتە نزیك شاری قوم-ی ئێران و لەژێر زەویدا دروستكراوە.

ئەم هەنگاوەی ئێران پێچەوانەی ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەیە كە نزیكەی پێنج ساڵ لەمەوبەر لەنێوان تاران و وڵاتانی زلهێزی جیهاندا ئیمزاكراو بەپێی رێككەوتنەكە نابێت ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ لەسەدا چوار زیاتر بەرزبكاتەوە.

بەڵام ئێران پێی وایە هەنگاوەكەی هیچ پێشێلكارییەكی تێدا نییە بەهۆی ئەوەی ئەمریكا لەرێككەوتنەكە كشاوەتەوەو سزای ئابوری قورستری بەسەر تاراندا سەپاندوە كە زیانی زۆر گەورەی لە ئابورییەكەی داوە.

پێشتر عەلی ئەكبەر ساڵحی، سەرۆكی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاگاداركردۆتەوە كە دەیەوێت ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرزبكاتەوە.

رێككەوتنی ئێران و وڵاتانی زلهێز بە ئامانجی دانانی سنورێك بو بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ رێگەگرتن لە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، ئێران لانیكەم پێویستی بە پیتاندنی یۆرانیۆمە بەڕێژەی لەسەدا 95.

بڕیارەكەی حكومەتی ئێران لە كاتێكدایە كە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان ئێران و ئەمریكادا لەناوچەكە هەیە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە ساڵی 2018 بڕیاریدا بە كشانەوەی وڵاتەكەی لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە.

هەنگاوەكەی ئەمڕۆی ئێران دوای ئەوە دێت كە پێشتر پەرلەمانی وڵاتەكە، بڕیاریدابو بە بەرزكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ لەسەدا 20 ئەوەش لەپێناو "بەرژەوەندی وڵات"دا. عەلی رەبیعی ئەمڕۆ وتی: حكومەتی ئێران ناتوانێت پابەندنەبێت بە بڕیاری پەرلەمانی وڵاتەكەیەوە لەوبارەیەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×