لەمەودوا ستیكەرو باڕكۆد لەسەر بەرهەمی مریشكی سەربڕخانەكانی هەرێم دادەنرێت
  2021-01-05       419       

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند، بۆ لەمەودوا پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵی دەکەین ئەوەش بە دانانی ستیکەرو بارکۆد و لۆگۆی وەزارەت، لەسەر بەرهەمی مریشكی سەربڕخانەکانی هەرێمی کوردستان.

ئاوێنە: بێگەرد تاڵەبانی، كەمێك لەمەوبەر، لەڕاگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی 5/1/2021، بەئامادەبونی بریکاری وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتی دیوان، بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری، بەڕێوەبەری گشتی پلاناندن، کۆبونەوەیەکی تایبەتمان بەڕێوەبرد، لەگەڵ خاوەن پرۆژەی (سەربڕخانەکانی مریشک و پارچەکانی مریشك) لەپێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و بەگەڕخستنەوەی سەربڕخانەکان و بەرهەمەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و خواروی عێراق و جیاکردنەوەی لە بەرهەمی هاوردەکراوی نایاسایی.

ئەوەشی خستۆتەڕو، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەڕێگەی پرۆژەیەکی فراوان لەگەڵ کۆمپانیایەک کە ئامادەکاریی و ڕێکارە یاساییەکانی گرتۆتەبەر بۆ مەبەستی بەکرداریکردنی دانانی ستیکەرو بارکۆد و لۆگوی تایبەتی وەزارەت لەسەر بەرهەمی خۆماڵی سەربڕخانەکان، بۆ ئەوەی لەمەودوا هاونیشتیمانیان بتوانن بە کوالێتی زۆرباش و نرخی گونجاو بەرهەمی خۆماڵی گوشتی مریشک و پارچەکانی بەردەست بکەن.

بەپێی قسەی وەزیری كشتوكاڵ، هەر لەو سیستەمەدا هاوڵاتیان بە ڕێگەی سەیرکردنی سیستم و باڕکۆدەکان هەر ڕەخنەیەکیان هەبێ لە بارەی کوالێتی و نرخەکان دەتوانن ڕاستەوخۆ  بیگەیەننە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە  لەبەرنامەمان دایە کە بۆ چارەسەری کێشەکان و ناساندنی دانانی ئەو ستیکەرو بارکۆدانە لەسەر بەرهەمی (١٠) سەربڕخانەکانی کوردستان، سەردانی بەغدا بکەین و لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆببینەوە، بۆ ئەوەی متمانە بەو بەرهەمانە بکرێت، وەکو بەرهەمی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان و ڕێگری نەکرێت لە چونی ئەو بەرهەمە ناوخۆییانە بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق.

وتوشیەتی: لەبەشێکی تری کۆبونەوەکە جەختمان کردەوە لەسەر هەنگاوەکانی قەدەغەکردنی هێنانی مریشک بۆ ناوەوەی هەرێمی کوردستان بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست دژی سەرپێچی کردنی بریارەکانی وەزارەت.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لەکۆتایی کۆبونەوەکە بڕیارماندا کە لەڕێگەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە گشتاندن بکرێ بۆ سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، کە پێویستە  بەرهەمی سەربڕخانە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بەکاربێنن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×