وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان متمانه‌ی پێبه‌خشرا
  2021-01-06       632       
د.کەمال ئەتروشی،

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا متمانە بە كاندیدەكەی پارتی درا بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان.

ئاوێنه‌:  لە سەرەتای دانیشتنەكەدا پێش دەنگدان لەسەر كاندیدی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، بەشێكی پەرلەمانتاران ڕەخنەیان لەوە گرت كە “پەرلەمانی كوردستان پرسە گرنگەكان ناخاتە كارنامەی كۆبوونەوەكانەوە”.

پاش وەرگرتنی وتەی پەرلەمانتاران، كەمال ئەتروشی، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان خرایە دەنگدانەوە و بە  متمانەی پێبەخشرا.

پاش ئەوەی متمانەی پێبەخشرا، كەمال ئەتروشی سوێندی یاسایی خوارد و وەك وەزیر دیاری كرا.

لەهەڵبژاردنی وەزیری سامانە سروشتییەکاندا پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی و ۱۱ کورسییەکەی کۆتاکان و ۷ پەرلەمانتاری گۆڕان و زۆرینەی فراکسیۆنی یەکێتی دەنگیان بە کەمال ئەتروشیدا و پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و بەشێک لە پەرلەمانتارانی یەکێتی و پێنج پەرلەمانتاری گۆڕان دەنگیان پێ نەدا.

د.کەمال ئەتروشی، لەساڵی ۱۹۷٥ لە زانکۆی بەغدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی جیۆفیزیک و زانستی بوومەلەرزەزانی بەدەستهێناوە، ساڵی ۱۹۹۱ بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری جیۆفیزیک لە زانکۆی بۆردوی فەرەنسی بەدەستهێناوە، لە چەندین کۆمپانیای گەورەی بواری نەوت و وزە کاری کردووە لە هەندێکیان وەک راوێژکار و لە ساڵی ۲٠۱۷شدا بووە جێگری سەرۆکی کۆمپانیایەکی کوەیتی کە لەبواری نەوت کاردەکەن.

لە مانگی تەممووزی ۲٠۱۹ەوە راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانە بۆ کاروباری وزە و ئەمڕۆش لە پەرلەمانی کوردستان بە وەزیری سامانە سروشتییەکان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×