ڕێواز فایەق: نازانم بۆكس خەنجەرە چییە، هێندراوەتە ناو پەرلەمان ، نیگەرانم لەو دۆخە
  2021-01-06       1882       

پاش كۆتاییهاتنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، لە بەردەم تەلاری پەلەماندا ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “پێمان وایە داواكاریی هەموو هێزە سیاسییە بەشدارەكانی حكومەت بووە كە ئەو وەزیرە دیاری بكرێت، چونكە ناكرێت وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەزیری نەبێت كە بەشێكی كێشەكانمان پەیوەندییان بە دۆسییەی نەوتەوە هەیە”.

ئاوێنه‌: سەبارەت بە گرژییەكانی نێو هۆڵی پەرلەمان، ڕێواز فایەق وتی، “لە ڕاستیدا نازانم بۆكس خەنجەرە یان چییە هێندراوەتە ناو پەرلەمان و داوای لێبوردن دەكەم لەوانەی زیانیان بەركەوتووە و نیگەرانم لەو دۆخە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “من تەحەمولی ئەو هەموو زوڵمە دەكەم چونكە ئەگەر دەرفەت بدەم هەموو ڕۆژێك ئەو جۆرە شەڕە ڕودەدات، بۆ ئەوەی لێدان و و شەڕ ڕونەدات دەڵێم با قسە لەسەر ئێمە بكرێت”.

ئاشكراشیكرد، “هەفتەی داهاتوو سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەكەینەوە و دەبێت میكانیزمێك دابنرێت بۆ ئەوەی ئەو گرژییانەی نێو پەرلەمان كەمبكەینەوە”.

لەدانیشتنی ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ی‌ پەرلەمانی کوردستاندا دوای ئەوەی وەزیری سامانە سروشتییەکان بەدەنگی زۆرینه‌ی‌ پەرلەمانتاران هەڵبژردرا، گرژیی‌‌و ئاڵۆزیی له‌نێوان ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ‌و فراکسیۆنی پارتی‌ دروستبو، دواتر په‌رله‌مانتارانی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ به‌بۆكس خه‌نجه‌ر هێرشیانكراوه‌ته‌سه‌ر.

لەبارەی داواكارییەكانی بەشێك لە پەرلەمانتاران پەیوەست بە موچە، سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوەكرد، “ئایا قسەكردن بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی حكومەت 30 ڕۆژ جارێك موچە بدات، ئەگەر بزانین وایە هەموو هەفتەیەك دانیشتن دەكەین”.

ڕێواز فایەق بەرامبەر ئەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بە لاواز ناوبرا باسی لەوەكرد، “خولەكانی پێشووی پەرلەمان چەند سەرۆكی حكومەت و وەزیریان هێناوە و متمانەیان لێوەرگرتووەتەوە، چ شتێكی جیاوازیان كردووە كە ئێمە نەمانكردبێت، تەنها لەبەر ئەوەی ژنێك سەرۆكی پەرلەمانە بۆیە ئەو قسانە لەسەر دەستەی سەرۆكایەتیی دەكرێن”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×