"رێککەوتنی یەکجاریی لەنێوان ھەولێرو بەغدا بەندە بەبڕیاری پەرلەمان عێراقه‌وه‌"
  2021-01-06       548       
جەمال کۆچەر
به‌وتەی ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھیچ رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوان حکومەتی ھەرێم‌و حکومەتی عێراقدا ئه‌نجامنه‌دراوه‌. ئه‌و ده‌ڵێت، "رێککەوتنی یەکجاریی لەنێوان ھەولێرو بەغدا بەندە بەبڕیاری پەرلەمانی‌ عێراقه‌وه‌".

ئاوێنه‌: لەبارەی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لە سەر پرۆژە بوودجەی عێراق بو ساڵی ٢٠٢١، ئەندامی کورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەمال کۆچەر به ئاژانسی ئانادۆڵی‌ وتووه‌، "ئەو رێککەوتنەی کە باس دەکرێت رێککەوتنێکی کۆنکرێتی نیە، شاندی ھەرێم و بەغدا یەکتریان بینیووە بەڵام نەچوونەتە نێو ناوەڕۆکی بابەتەکان، دەقێکیان داڕشتووە بەڵام ئەو دەقە نیە کە ھەردوولا لەو بڕوایەدا بن کە لەپەرلەمان تێپەڕ دەبێت".

جەمال کۆچەر باسی لە ناوەرۆکی رێککەوتنەکەی نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر پرۆژە بوودجەی ٢٠٢١ کردو رایگه‌یاند، "لە پرۆژەی بوودجەدا وایان داناوە کە ھەرێمی کوردستان ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت یان پارەی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بە نرخی کومپانیای سۆمۆ لە گەڵ نیوەی داھاتی ناوخۆ رادەستی حکوومەتی عێراق بکات کە ئەمەش بارگرانێکی دیکەیە بۆ حکوومەتی ھەرێم، چونکە حکوومەتی ھەرێم ھەر بەرمیلێک نەوت حەفت دولار ھەرزانتر لە کومپانیای سۆمۆ دەفروشێت، لە بەرامبەریش دا حکوومەتی عێراق بە رێژەی ١٢.٦٧ لە سەد لە بوودجەی گشتی رادەستی ھەرێم دەکات".

بابەتی قەرزەکان یەکێکبووە لە خاڵەکانی گفتوگۆی نێوان شاندی ھەرێمی و بەغدا. ھەرێمی کوردستان نەناردنی بەشە بوودجەکەی لە لایەن عێراقەوە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تاوەکو ئێستا بە قەرز لە لای حکوومەتی عێراق دەزانێت و حکوومەتی ناوەندی عێراقیش نەناردنی داھاتەکانی نەوت و ناوخۆ لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تاوەکو ئێستا لە لایەن ھەرێمەوە بو بەغدا بە قەرز دەزانێت.

جەمال کۆچەر لەم بارەیەوە رونکردنەوه‌یداو وتی، "ھەردوو لا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە لیژنەیەکی تایبەتمەند پێکبھێنرێت و لەماوەی ٩٠ رۆژ دا یەکلایی بکاتەوە کە چەند پارەی حکوومەتی ناوەندی عێراق لە لای حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و چەند پارەی حکوومەتی ھەرێم لە لای حکوومەتی ناوەندی عێراقە و دواتر لە ماوەی ١٠ ساڵدا دەبێت قەرزەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان یەکلایی بکرێنەوە".

ناوبڕاو باسی لەوەش کردووه‌ کە "خاڵێکی گرنگ ھەیە کە دەبێت خەڵکی ئێمە ئاگاداربن، بابەتی ئەوەی کە ئەگەر لایەنێک پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو، ماددەی ٢٧ لە برگەی پێنج لە یاسایی کارگێری ئابووری دەڵێت ھەر لایەنێک ئەگەر پابەند نەبێت بە پێی پابەندنەبوونەکە لە بەشە بوودجەکەی کەم دەکرێتەوە. بەم پێیەش ئەگەر ئەم دەقە تێپەڕببێت و حکوومەتی ھەرێم پابەندی رێککەوتنەکە نەبێت و نەوت رادەستی بەغدا نەکات بڕێک پارە وەردەگرێت وەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٩ ، ٤٥٣ تڕلیۆن دینار بو ھەرێم دەنێردرا".

لەبارەی ئاستەنگەکان لە بەردەم تێپەڕاندنی ئەو دەقەی کە باس لە بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان دەکات لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەمال کۆچەر رونیكردۆته‌وه‌، "پێموایه‌ کە لایەنی شیعە ئاستەنگ دروست دەکات لەسەر تێپەڕاندنی ئەو برگەی بوودجە کە پەیوەستە بە ھەرێمی کوردستانەوە و، بە تایبەت ھەندێك لایەنی شیعە ھەن کە زۆر توندن بەرامبەر بە ھەرێم. بۆیە چوار بژاردە لە پێشن، یان دەقەکە وەکو خۆی تێپەڕ ببێت کە ئەمە پێشبینیکراو نیە، یان گۆڕانکاری لە ژمارەکاندا بکرێت کە ئەمە پێشبینیکراوە، یانیش دەقەکە ھەمووی بگۆڕدرێت و دەقێکی تر بخرێتە شوێنی. بژاردەی چوارەمیش ئەوەیە کە ھەرێم نەتوانێت مەرجەکانی ئەوان جێبەجێبکات و بایکۆتی بکەین. وەکو لایەنەکانی ھەرێم بڕیارمانداوە کە یەک دەنگ بین بەڵام دەبێت حکوومەتی ھەرێمیش یەکێک لە دوو بژاردەكه‌ جێبەجێبکات یان پابەندی رێکەوتنەکە بێت یانیش بەتەواوی لە بەغدا بکشێینەوە و حکوومەتی ھەرێم چاکسازی راستەقینە ئەنجامبدات و رێگە لە گەندەڵی و قۆرخكاری بگرێت، ئەگەر نا دەکەوینە قەیرانێکی قوڵترەوە و، ناتوانین ھەرێمەکەمان لە رووی داراییه‌وە بەرێوەببەین و، ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە سلێمانی ئەنجامدران لە شارەکانی دیكه‌ی ھەرێمیش ئەنجامدەدرێن".

وا بڕیارە رۆژی ٩ی کانونی دووهەم، واتە شەممەی داھاتو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنه‌وه‌ی یەکەم بۆ پرۆژە بودجەی عێراق بو ساڵی ٢٠٢١ بكات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×