2021-01-06   428     
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاشكرای دهكات كه هەفتەی داهاتو بڕیار لەبارەی کردنەوەی قوتابخانەکانهوه دەدرێت.
ئاوێنه: د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، هەرچەندە پێشتر بڕیاربو رۆژی 7-1-2021 لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا کۆببێتەوە، بەڵام كۆبونەوەكە بۆ هەفتە داهاتو دواخراوە.
وتیشی، "لەبارەی پڕۆسەی خوێندن لەناو پۆلەكاندا ئێمە راپۆرتی خۆمان ئامادە كردووە لەكۆبونەوەكە دەیخەینەڕو، دوا بڕیاریش لەبارەی چۆنێتی پڕۆسەی خوێندن لەناو قوتابخانەكاندا، لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا دەیدات".
د. ئاسۆ حەوێزی دهڵێت، رێژەی مردنو توشبون بەكۆرۆنا لەكوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو روی لەكەمیكردووە، بەجۆرێک "رێژەی مردنو توشبون بەكۆرۆنا نزیكەی 40% كەمیكردووە ئەوەش رێژەیەكی دڵخۆشكەرە، بەڵام بڵاوبونەوەی پەتا نوێیەكەی كۆرۆنا لەدنیادا دودڵی كردوین".
رۆژی 1-12-2020، لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا دەوامی قۆناخەکانی 1 و 2 بنەڕەتیو 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) تاوەکو رۆژی 07-01-2021 رابگیرێتو دوای ئهو وادهیه سەر لەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێتهوه.