2021-01-07   641     
دوای چەندین جار دواخستنی پرۆسەی خوێندن، جارێکی دیکە بڕیاری دواخستنی درا.
ئاوێنە: ئەمڕۆ، د.جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، ئەم بڕیارانەی خستەڕوو”
١- دەوامی قۆناغەکانی ١ و ٢ بنەڕەتی و ١٢ ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی)، تا رۆژی (١٦-١-٢٠٢١) ڕادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.
٢-قۆناغی ١ و ٢ بنەڕەتی و ١٢ ئامادەیی دەتوانن تا کاتی کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی “نائیلزامی” سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وەربگرن.
٣-قۆناغی ٣ بنەرەتی تا ١١ ئامادەیی (حکومی – ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن. هەروەها تا رۆژی (١٦-١-٢٠٢١) و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندنی بۆ رەوشی تەندروستیی، سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان رادەگیرێت.
٤-ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت.
٥-دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی، تا رۆژی (١٦-١-٢٠٢١) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.
٦-دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە، تا رۆژی (١٦-١-٢٠٢١) ڕادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت.
٧-بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت.
٨-لە زانكۆ و پەیمانگاکان بۆ بەشە زانستییەکان، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلیكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە)، بەپێی ھەمان پلانی پێشوو ھەروەھا بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان، تا رۆژی (١٦-١-٢٠٢١) وەك خۆی بەردەوام دەبێت.
٩-بەشە مرۆییەکانیش لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بە ڕەچاوکردنی رێنمایی تەندروستیی زیاترەوە، تا (١٦-١-٢٠٢١) بەھەمان شێوەی پێشوو وەک خۆی بەردەوام دەبێت.
ئەم بڕیارانە لە ڕۆژی (٧-١-٢٠٢١) کاری پێدەکرێت، دوای ئەم ڕێککەوتەش لیژنە کۆدەبێتەوە بۆ سەر لە نوێ تاوتوێکردنی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان”.