حكومەتی هەرێم بڕیاری پێكهێنانی هێزێكی تایبه‌تی بۆ سه‌رجه‌م خاڵه‌ سنورییه‌كان ده‌ركرد
  2021-01-07       826       

حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بە ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیران، بڕیاردا بە ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە كە هێزێكی تایبەت و هاوبەش پێكبهێنن، بۆ ڕێگەكرتن لە هەر پێشێلكاری و سەرپێچی و كارێكی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ، كۆبووەوە و تیایدا هێڵە گشتییەكانی ڕەشنووسی یەكەمی پڕۆژەی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی2021 و پێشبینی و پێشنیارەكانی وەزارەتەكان خرایەڕوو، سەبارەت بە ڕێكخستنەوەی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان و سنوورداركردنی كورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2021.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران خشتەیەكی زەمەنی پەسەندكرد بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021، بۆ ئەم مەبەستەش ھەفتەی داھاتوو، ئەنجومەنی باڵای ئابووری كۆدەبێتەوە بۆ پەسەندكردنی ڕەشنووسی یەكەمی بودجە.

ھەر لە چوارچێوەی گفتوگۆكردن لەسەر ڕێكخستنەوەی داھات لەپڕۆژە یاسای بودجەی ھەرێم، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە لە چوارچێوەی كارنامەی چاكسازیی كابینەی نۆیەم، هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ڕیكخستنەوە و زیادكردنی داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان . 

هەروەها بە ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە كە هێزێكی تایبەت و هاوبەش پێكبهێنن، بۆ ڕێگەكرتن لە هەر پێشێلكاری و سەرپێچی و كارێكی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەو ھێزە ھاوبەشە ، دەسەڵاتی قانونی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێكردنی یاسا وڕێكارەكان لە دەروازەكان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی و كاری ناقانونی لە سەرجەم دەروازەكان بە بێ جیاوازی. سەرەڕای جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی كە پێشتر دراون بۆ ڕێكخستنەوەی گرێبەستی خزمەتگوزاریی دەروازە سنووریەكان، بە ڕەچاوكردنی داھات و بەرژەوەندی گشتی.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×