ترەمپ: ئیداەری نوێی ئەمریكا لەوادەی خۆیدا دەستبەكاردەبێت
  2021-01-08       464       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، نیگەرانن لەدروستبونی گرژییەکان و ئەو "هێرشە قێزەونە"ی رۆژی چوارشەممە کرایەسەر کۆنگرێس و دەشڵێت، رۆژی 20ی ئەم مانگە ئیدارەی نوێی ئەمریكا دەستبەكاردەبێت.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە وتەیەكی ڤیدیۆییدا کە لە پەڕەی فەرمی خۆی لەتویتەر بڵاویکردوەتوە باسی لەوەشکردوە، هێرشەکەی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە کە لەلایەن ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران کرایەسەر کۆنگرێس، لای هەمو هاوڵاتییەکی ئەمریکی هەستی ناڕەزایی دروستکرد، بۆیە راستەوخۆ فەرمانی کردوە بەبڵاوپێکردنی هێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانی و پاراستنی دامەزراوەکان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوانەی بەشداربون لەهێرشەکەدا پیرۆزیی بارەگای دیموکراسیەتی ئەمریکایان کردوەتە ئامانج و دەبێت باجی ئەو کارەشیان بدەن و روبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەبارەی رادەستکردنی دەسەڵاتیش ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان هەمو رێگەیەکیان بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن گرتەبەر بۆ پاراستنی پاک و بێگەردی هەڵبژاردنەکان، بەڵام دوای ئەوەی کۆنگرێس ئەنجامەکانی پەسەندکرد، رۆژی 20ی ئەم مانگە ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەستبەکاردەبێت و لەئێستادا کاردەکەن بۆ گواستنەوەی دەسەڵات.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×