حەشدی شەعبی كوژرانی چەند چەكدارێكیان لەسەر سنوری سوریا رەتدەكاتەوە
  2021-01-08       441       

وتەبێژی بەرەی باكوری حەشدی شەعبی رەتیكردەوە هیچ چەكدارێكی حەشدی شەعبی لە نزیك سنوری عێراق و سوریا كوژرابێت.

ئاوێنە: عەلی حوسەینی، وتەبیژی بەرەی باكوری حەشدی شەعبی بە روداوی راگەیاند، "هیچ چەكدارێكی حەشدی شەعبی لە نزیك سنوری نێوان عێراق سوریا نەكوژراوە".

هەروەها وتی"بەگوێرەی زانیارییەكانی بەشی هەواڵگری لە قەزای تەلەعفەر، كارمەندانی رێكخراوێكی نێودەوڵەتی تایبەت بە هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی لەكاتی كاركردنیان مینێكیان پێدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە 3 ـ 4 كارمەندیان گیانیان لەدەستداوە"، بێ ئەوەی ناوی رێكخراوەكە ئاشكرابكات.

دوێنێ روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئاشكرایكرد، لە هێرشی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەواندا چوار چەكداری حەشدی شەعبی عێراق كوژراون كاتێك ویستویانە بچنە نێو خاكی سوریا لە نزیك شارۆچكەی بوكەمال.

ئاماژەی بەوەشدابو كە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لە هێرشێكدا، ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی حەشدی شەعبی عێراقی كردۆتە ئامانج.

بەپێی قسەی روانگەی سوری، هێرشەكە كاتێك ئەنجامدراوە كە ئۆتۆمبێلەكە هەوڵیداوە لەڕێگەی دەروازەیەكی سنوریی ناڕەسمییەوە بچێتە ناو خاكی سوریا لە نزیك شارۆچكەی بوكەمال لە سنوری رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزور.

ئەوەشی خستۆتەڕو، چوار چەكداری حەشدی شەعبی كە لە ئۆتۆمبێلەكەدا بون كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربون.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×