ئەحمەدی حاجی رەشید: پەرلەمان ناتوانێت دەستكاری نرخی دۆلار لە بودجەدا بكات
  2021-01-09       658       

ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پەرلەمان بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت دەستكاری ئەو نرخەی دینار بەرامبەر بە دۆلار بكات كە لە پڕۆژە یاسای بودجەدا هاتوەو ئاشكراشیدەكات كە نرخی دینار بەو شێوەیە نزیكەی 23 ترلیۆن دینار بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە.

ئاوێنە: بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی وڵات كۆببێتەوە.

ئەحمەدی حاجی رەشید، كەمێك لەمەوبەر لەلاپەڕەی خۆی لەوبارەیەوە نوسیویەتی"ئەمڕۆ تەنها خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای بوجە دەکرێت و هیچ بڕیارێک نادرێت لەسەر نرخی دۆلار بەرانبەر دینار."

سەبارەت بەوەی لە ناو پڕۆژەكەدا نرخی دۆلار بەرانبەر دینار عێراقی کە بۆ هەر ۱٠٠$ بەرانبەر ۱٤٥٠٠٠دینار و نرخی نەوت دانراوە بە ٤۲ دۆلار، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمان وتویەتی"بەهیچ شێوەیەک پەرلەمان ناتوانیت دەنگیان لەسەر بدات و کەم زیادیان بکات."

ئاشكراشیكردوە"نرخی دینار بەو شێوەیە نزیکەی ۲۳ ترلیۆن دیناری بۆ حکومەت گەڕاندوەتەوە بۆیە گۆرانکاریکردن لەبەرژەوەندی حکومەت نابێت. هەرگۆڕانکاریەک بکرێت یاساکە تێک دەدات و کورتهینان زیاددەکات و حکومەت  پێی پڕ ناکرێتەوە."

هەروەها لەبارەی نرخی دۆلاریش جەختی كردۆتەوە كە "ئەوەی لەبازار رودەدات  موزارەبەی هەندێ خەڵکە بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری، بانکی ناوەندی تائیستاش بە ۱٤٥٠٠٠ دینار بەرانبەر ۱٠٠$ دۆلار دەیفرۆشێت."

لەكۆتاییشدا جەختی كردۆتەوە كە "هەرگۆڕانکارییەک لەنرخدا بازار تێک دەدات بۆیە ئەستەمە گۆڕانکاری لەنرخدا لەکاتی ئێستادا روبدات."

قسەكانی ئەحمەدی حاجی رەشید لەكاتێكدان كە هەر ئەمڕۆ ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە رۆژنامەی نیمچە رەسمی سەباحی راگەیاندوە"سەرجەم ئەو بڕگەو ماددانەی لە پڕۆژە یاسای بودجەدا هاتون دەكرێت گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، چونكە ناگونجێن لەگەڵ بەرنامەكانی حكومەت و وەزارەتەكان و ئەو وەرەقەی چاكسازییەی كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە پێشكەش كراوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×